سەردێڕ:

پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد ئەرکی دژایەتیکردنی گەندەڵی جێبەجێ بکەن

بە بۆچوونى شارەزایان دەبێت ڕۆشبیر بەشداری بکات لە چەقی ڕوداوەکاندا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-16

900 جار خوێندراوەتەوە

ڕەنگە لە سادەترین پێناسەدا ڕۆشنبیر ئەو کەسە بێت کە کارى بەخشینەوەى زانیاری و ڕەخنەگرتن و هەڵسەنگاندن و هاوکات دژایەتیکردنى دەسەڵاتى دیکتاتۆرى و بڕیارەکانى بێت و، پابەندى چەمکەکانى ئازادى و دادپەروەرى و مافى مرۆڤ و دیموکراسى بێت و لە ڕێگەى نوسین و وتەکانییەوە هەوڵى بەئاگاهێنانەوەى جەماوەر بدات.

بە بۆچوونى شارەزایان، لە ئێستادا ڕۆڵى ڕۆشنبیر ئەگەر تەنها بیركردنەوە و شیکردنەوەى بابەت و پێشهاتەکان بێت بەبێ كردار و بەشداریکردن لەنێو چەقى ڕووداوەكاندا، ئەوا ئەو ئەرکە كۆتاییهاتووە، بەڵکو پێویستە بیرکردنەوە و شیکردنەوەکانى ڕۆشنبیر ڕایگشتى دروستبکات و شەقام بجوڵێنێت.

بەشێکى زۆرى گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە مێژووى مرۆڤایەتییدا لەسەر دەستى ڕۆشنبیران بەرهەمهاتووە، لەوانە شۆڕشى فەڕەنسى و شۆڕشى پیشەسازى ئەوروپا و شۆڕشى بزووتنەوەى خوێندكارانى ئەوروپا لە ساڵى ١٩٦٨، كە بەشێک لە ڕۆشنبیرانى ئەوکاتەى ئەوروپا و بەتایبەت فەڕەنسا ڕۆڵیان تێدا هەبوو، گۆڕانکارییەکى سیاسیی گەورەى لە مێژووى ئەو کیشوەرەدا دروستکرد.

لە مێژووی کوردیشدا بەشێک لە ڕۆشنبیرەکان ڕۆڵى گەورەیان بینیوە و بە ڕەخنەکانیان بەرهەڵستى بڕیارەکانى دەسەڵاتیان کردووە و، بەشێکى دیکەیان هاوتەریب لەگەڵ ئەرکە ڕۆشنبیرییەکەیاندا ڕوویانکردووەتە شاخ و چەکیان دژى سیستمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق و ئێران و تورکیا هەڵگرتووە و بەرهەڵستى بڕیارەکانى ئەو حکومەتانەیان کردووە.

بەڵام بە بڕواى شارەزایان، لەم دۆخەى ئێستادا بەشێک لە ڕۆشنبیرانى کورد ئەرکەکانى خۆیان پشتگوێخستووە، بەتایبەت لە چوار ساڵى ڕابردوودا و لەکاتى دروستکردنى ئەو هەموو قەیرانە لە هەرێم و بڕیارە هەڵەکانى سیاسییەکاندا ڕۆشنبیران کەمترین ڕۆڵیان هەبووە و، سەربارى چەندین خۆپیشاندانى خۆڕسکانەى چین و توێژە جیاجیاکانى هەرێم، بەڵام ڕۆشنبیران نەک هەر نەیانتوانیوە ڕایگشتى دروستبکەن، بەڵکو کەمترین ڕۆشنبیرى کورد بە کردارى لەناو خۆپیشاندەراندا دەبینران و بەشێک لە ڕۆشنبیرانیش تەنها خۆیان بە کارەکتەرێکى تیۆرى و فكرى ناساندووە و، خۆیان پەرێز کردووە لە بەشداری كرداریدا.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەشێک لە ڕۆشنبیرانى هەرێم هاوشێوەى سیاسییەکان دەستە و گروپیان دروستکردووە و، هەروەکو بەرپرسە باڵاکانیش پاسەوانى تایبەتییان هەیە و، کراون بە ڕاوێژکارى بندیوارى بەرپرسە باڵاکانى حزب و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و بەشێکى دیکەیان بوون بە بازرگانى گەورە، هەر بۆیە ئەو ڕۆشنبیرە دەربارانە ناتوانن بەرژەوەندییە ئابورییەکانى خۆیان بخەنە مەترسییەوە و ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن و شەقام لە گەندەڵییەکانى حکومەت بجوڵێنن.

بەشێک لە هاوڵاتییانیش وتەیەکى میشیل فۆكۆ بە نموونە دەهێننەوە کە دەڵێت، ئەو ڕۆژگارە بەسەرچوو ڕۆشنبیر حەقیقەت بە خەڵك بڵێت، و ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەو دەستەبژێر و ڕۆشنبیرە هەلپەرستانە چیتر نوێنەرایەتى بەهاكان و ویژدانى جەماوەریان پێناکرێت.

دەشڵێن، پێویستە نوخبە و دەستەبژێرى کوردى بە ئەرکە ڕاستەقینەکەى خۆیان هەستن و هاوشێوەى ڕۆشنبیرانى سەدەى ڕابردوو ڕۆڵى بەرچاو ببینن لە دروستکردنى ڕایگشتى و، جوڵاندنى شەقام بە ئاراستەى دروستکردنى دۆخێک کە چاکسازى و دژایەتیکردنى گەندەڵى لاى حکومەت و دەوڵەتمەدارەکان بکەن بە ئەمرى واقیع.

ع.م