سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی کار لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ دەکەن

فۆتۆ: 
2019-01-16

3083 جار خوێندراوەتەوە

پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم چوەتە ناو تونێلى درێژى دانوستان و لیژنە و لیژنەکارییەوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەى کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانیشدا ئەرکى لابەلاو پێشمەرجی پێشى لە هەنگاوە کردارییەکان گرتووە.

پاش پشووەکانى سەرى ساڵ و چەند گەڕێک لە شەڕە لێدوانى میدیایی، سەرکردایەتى پارتى و یەکێتى لە ماڵى نێچیرڤان بارزانى ڕۆژى دوو شەممە کۆبوونەوە. هەرچەندە پێشتر دەگوترا ئەم کۆبوونەوەیە بۆ قسەکردنە لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى پەڕلەمان و حکومەت، بەڵام وتەبێژى هەردوو حیزب بە کۆمەڵێک لێدوانى گشتى و لاستیکى لەسەر گرنگیی پێکەوەکارکردن باسیان لە ناوەڕۆکى دیدارەکەیان بۆ خەڵک خستەڕوو.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى ماوەى چەند ڕۆژێکە یەکێتى و پارتى لە ڕێگەى چەند سەرکردەیەکى متمانەپێکراوى خۆیانەوە سەرقاڵى داڕشتنى کارنامەیەکى هاوبەشن، کە جێگەى ڕێککەوتنى سیاسیی دوو قۆڵى بگرێتەوە.

ئەم کارنامەیە کە بڕیارە چۆنییەتى مامەڵەکردنى هەردوولا لە کەرکوک و لە بەغداش لەخۆبگرێت، دەبێتە بنەمایەک بۆ پڕکردنەوەى پۆستەکانى یەکێتى بۆ پێکهێنانى کابینەى ئایندە و، تەنانەت ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکانى هەردوو حیزب کە لەپاش ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆمار گرژى زۆرى تێکەوتووە.

ئێن ئاڕ تى زانیویەتى تا ئەو کارنامە هاوبەشەى پارتى و یەکێتییش گەڵاڵە دەبێت، لیژنەکانى پارتى لەگەڵ گۆڕان و لە ئەگەرێکیشدا کۆمەڵى ئیسلامی لە پەیوەندیدا دەبن و، لەم میانەیەشدا هەنگاوى زۆریان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان بڕیوە، ئەویش جگە لە خۆى داواى بەشداریکردنى کۆمەڵ دەکات.

هەر بەپێى زانیارییەکان، گۆڕان هیچ مەرجێکى قورسى ئەوتۆیان بۆ بەشداریی کابینەى مەسرور بارزانى نییە، کە پارتى نەتوانێت بچێتە ژێر بارى، هەموو ئاماژە و هەنگاوەکانى نێوان ئەم دوو لایەنەش بەرەو ڕێککەوتن دەڕۆن بەتایبەت پاش ئەوەى خواستى مەسعود بارزانى بۆ بەپەڕلەمانیکردنى حوکمڕانى لە سەردەمى سەرۆکایەتى هەرێمى نێچیرڤاندا، لەگەڵ پێداگرییە کۆن و نوێیەکانى گۆڕان هاتوونەتەوە.

قسەکەرەکانى گۆڕان باس لەوە دەکەن، ئەوان پرۆژەیان هەیە بۆ چوونە ناو حکومەت، بەم پێیەش مشتومڕى بەشداریی یان بایکۆتکردنیان تێپەڕاندووە و ئێستا بەدواى ڕازیکردنى جەماوەر و چۆنییەتى پاراستنى متمانەى خۆیانەوەن کە سەرەکیترینیان بەپەرلەمانیکردنى حوکمڕانییە کە لە ٢٠١٤ بەهۆیەوە گۆڕان لە هەولێر دەرکرا.

ئێن ئاڕ تى ئەوەشى زانیوە لە دواى قۆناغى یەکەمى نزیکبوونەوەى پارتى و یەکێتى و پارتى و گۆڕان، قۆناغى دابەشکاریی پۆست و دیاریکردنى ناوەکان بۆ پۆستەکان دەستپێدەکات، کە ئەوەش چ لەناو گۆڕان و چ لەناو یەکێتیدا پرۆسەیەکى ئاسان نییە و ململانێى زۆر و هەڕەشەى هەڵوێستوەرگرتنى چەندین لایەنى لەسەرە.

ئەم گرێ و کێشە لابەلایانە لەکاتێکدا خراونەتە بەر تاوتوێکردن، کە زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستاندا گوزەرى کردووە، سەرجەم ئەو شاندە بیانییانەشى بەمدواییە هاتوونەتە هەرێم پێداگرییان لەسەر خێرا پێکهێنانى حکومەت کردووەتەوە و، لەسەر ئاستى حکومەتى ناوەندییش دەمێکە ئیستیحقاقەکانى بەغدا چاوەڕوانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمە.