سەردێڕ:

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی ئازادکرا

ڕێبوار کاکەیی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2019-01-16

1345 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر دوو سکاڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی و فازیل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، ڕێبوار کاکەیی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر، لەلایەن هێزێکی هەشت کەسی پۆلیسەوە دەستگیرکرا و دواتر برایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و بە کەفالەت ئازادکرا.

دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەیی هەولێر، بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ڕێبوار کاکەییدا کرد، لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە ڕۆژی (٨ی ئەیلولی ٢٠١٨)دا، کە تێیدا قۆرغکردن و بەقاچاغ هاوردەکردنی دەرمانی لەلایەن چەند بەرپرسێکی پارتی و یەکێتییەوە ئاشکراکرد.

ئەو مادەیەی لیکۆڵینەوەکەی پێکرا، پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە و گۆران دیبەگەیی پارێزەرەکەی ڕێبوار کاکەیی ڕایگەیاند، دەستگیرکردنەکە نایاسایی بووە.

بە وتەی ئەیاد کاکەیی نەقیبی سەندیکای پارێزەران لقی هەولێر، سکاڵاکە پەیوەندیی بە بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تییەوە نییە، بۆیە دادوەر بڕیاریداوە ڕێبوار کاکەیی ئازادبکرێت.

ڕێبوار کاکەیی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر وتی، "دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەی دەستگیرکردنەوە، ڕۆژنامەنووسان چاوترسێن بکات."

تا ئێستاش لەلایەن داواکاری گشتی و دادگاکانەوە لێکۆڵینەوە لەو کەسانە نەکراوە کە دەرمان بە شێوەی قاچاغ دەهێننە هەرێم و دەستگیرنەکراون.

ئێن ئاڕ تی لە ڕاپۆرتەکەیدا لەسەر قۆرغکردن و بەقاچاغ هاوردەکردنی دەرمان لەلایەن چەند بەرپرسێکی پارتی و یەکێتییەوە، پشتی بە نوسراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بەستووە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، لە خاڵی سنوریی ئیبراهیم خەلیلەوە ڕێگە دەدرێت هەندێک دەرمان بەبێ پشکنینی کوالێتی کۆنترۆڵ بهێنرێنە هەرێمی کوردستان.

ع.ا