سەردێڕ:

کۆبوونەوەیەکی ٤٥ خولەکی بووە هۆی گۆڕینی ڕای ترەمپ سەبارەت بە کشانەوە لە سوریا

کۆبونەوەی ترەمپ لەگەڵ سەرکردە سەبازییەکانی وڵاتەکەی لە بنکەی ئاسمان عەین ئەسەد
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
2019-01-16

40045 جار خوێندراوەتەوە

کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەیشتووەتە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق، خۆی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر کردەوە سەبارەت بەو بڕیارە کتوپڕەی کە دابووی سەبارەت بە کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانیان لە سوریا، بەڵام دوای دیدارێکی ٤٥ خولەکی لەگەڵ سەرکردەکانی سوپای وڵاتەکەی سەرۆکی ئەمریکا بڕوا و بۆچوونەکانی گۆڕاوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری لێپرسراوە سەربازییەکانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ترەمپ گوێی لە ڕاپۆرتی ئەو سەرکردانە گرتووە، سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەکانی دژی داعش، کە لە سەرکەوتن بەسەر ئەو ڕێکخراوەدا نزیکبوونەتەوە و سوپا پێویستی بە کاتی کەمە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی.

یەکێک لە لێپرسراوەکانی ئەمریکا بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، سەرکردەکانی سوپا گەشبین بوون بە تواناکانیان بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانیان و پێشیوایە، ئەو کۆبوونەوەیە زۆر کاریگەریی هەبووە لەسەر بۆچوونەکانی ترەمپ.

سێ سەرکردە، کە ئاگاداری وردەکاریی دیدارەکە بوون و تا ئێستاش وردەکارییەکەی بڵاونەکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن، ژەنەڕاڵ پۆل لاکامیرا فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژی داعش لە سوریا و عێراق، بۆ تڕەمپی ڕوونکردووەتەوە کشانەی بەپەلە ئەستەمە و هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، ئەو دیدارە ٤٥ خولەکییە زۆر پشتیوان بووە بۆ بەرجەستەکردنی لێکتێگەیشتنێک لە نێوان تڕەمپ و سەرکردە مەیدانییەکانی سوپای ئەمریکا، بەتایبەت کاتێک لە ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمدا بڕیاری کشانەوەی دا لە سوریا، دوای چەند ڕۆژێک جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەستی لە کار کێشایەوە.

دوای ئەو سەردانەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ عێراق، دواتر سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کشانەوەیان لە سوریا بە شێوەیەکی هێواش دەبێت و نایانەوێت بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە سوریا دروستبکەن.

شەوی چوارشەممە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو گەیشتە بنکەی ئاسنانی عەین ئەسەدی خۆرئاوای عێراق و لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا کۆبووەوە.

دواتر ئەو سەردانە لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و چەند پەرلەمانتارێکی عێراق بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق لێکدرایەوە.

ع.م