سەردێڕ:

لە وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی ١٧ ملیۆن دۆلار بەفیڕۆدراوە

نەوتگوێزەرەوەیەک لە ناو ئاوی زەریادا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-16

2255 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆی گرێبەستێکی کۆمپانیای نەوتگوێزەرەوەکانی عێراقەوە، بڕی ١٧ ملیۆن دۆلار لە ماوەی سێ مانگدا بەفیڕۆدراوە.

جەمال مەحمەداوی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە (١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو گرێبەستە هاوبەشەی کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتگوێزەرەوەکانی عێراقی سەربە وەزارەتی نەوتەوە، لەگەڵ کۆمپانیای عەرەبی بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو ئیمزاکراوە، لە ماوەی تەنها سێ مانگدا بڕی ١٧ ملیۆن دۆلاری تیا بەفیڕۆدراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گرێبەستە لە مانگەکانی نیسان و ئایار و حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨دا ئیمزاکراوە و، کارێکی نابەرپرسانەیە و زۆر جێگەی سەرسوڕمان و شۆکە.

لە بەیاننامەکەدا ڕوونکراوەتەوە، حکومەتی عێراق هەر تەنێک گازوایل بە نرخی ٦٦٠ دۆلار هاوردە دەکات، لەکاتێکدا کۆمپانیای عەرەبی بە ٣٤٠ دۆلار دەیفرۆشێت و زیانەکانیش هەمووی لەسەر بودجەی گشتیی عێراق دەکەوێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزە ئاشکرایکردووە، بڕی قازانجی کۆمپانیای نەوتگوێزەرەوەکانی عێراق لە پرۆسەی بەکرێگرتنی ئەو سێ مانگەدا لە پێنج ملیۆن دۆلار تێپەڕناکات، بەڵام کۆی ئەو زیانانەی کە بەر وەزارەتی نەوت دەکەوێت بەهۆی ئەو مامەڵانەوە دەگاتە نزیکەی ٢٣ ملیۆن دۆلار.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە گرێبەستەکەدا کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ئیمزاکراوە، مافی لایەنی عێراقی لەبەرچاو نەگیراوە، تایبەت بە فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی دیکەی نەوت و هەموو مافەکان دراوە بە کۆمپانیای عەرەبی، کە ئەوەش بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە و زیانگەیاندنە بە ئابووریی عێراق.

مەحمەداوی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگەکانی چاودێری کردووە، ئەو لایەن و کەسانە ئاشکرابکات کە بوونەتە مایەی ئەو زیانە زۆرە بە ئابووریی و بودجەی عێراق. داواشیکرد، ئەو کەسانەش کە تێوەگلاون لە دۆسیەکەدا، ببرێنە بەردەم دادگا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

ع.م