سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەى بۆ یاسای سندوقى گێڕانەوەى پارەکانی دەرەوەی وڵات کرد

پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-16

1070 جار خوێندراوەتەوە

پەڕلەمانى عێراق لەدانیشتنى ئەمڕۆیدا خوێندنەوەى بۆ هەموارى سندوقى گێڕانەوەى پارەکانى عێراق کرد بۆ دەرەوە و دانیشتنەکەى بەکراوەیی هێشتەوە تا رۆژى شەممە.

بەپێى ئەو زانیاریانەى فەرمانگەى ڕاگەیاندنى پەڕلەمانى عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیان داوە لەدانیشتنى ژمارە (٢٦) ئەمڕۆ چوارشەممە (١٦ی کانونی دووەمی ٢٠١٩)ى پەڕلەمانى عێراقدا کە بە بەشداریی ١٩٦ ئەندام بەڕێوەچوو، خوێندنەوەى یەکەم بۆ هەموارى یاسای سندوقى گێڕانەوەى پارەکانى عێراق لەدەرەوە کراوە کە لە ٢٠١٢ دەرچووە.

هەر لەدانیشتنى ئەمڕۆشدا کە تەواوکردنى کابینەى حکومەتى تێدا نەبوو، پارێزگارى پێشوى بەغدا عەتوان عەتوانى سوێندى یاسایی خوارد وەک پەرلەمانتار و پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکە بەکراوەیی بهێلێتەوە تا رۆژى شەممەى داهاتوو بۆ تەواوکردنى بڕگەکانى ئەمڕۆ کە یاساى دەستەى نەزاهەش لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ یاساى پارە دەستکەوتنى ناڕەوا.

بە فەرمانى سەرۆکى پەڕلەمانى محەمەد حەلبوسى تا پەسەندکردنى بودجەى گشتى ٢٠١٩ کە دوو خوێندنەوەى بۆ کراوە، هیچ پەرلەمانتارێک مافى وەرگرتنى مۆڵەت یان ئیفادکردنى بۆ دەرەوە نییە، هەر بەم هۆیەشەوە پشوى زستانەى پەرلەمان دواکەوتووە.

پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى بەیەکێک لەئەرک و یاسا بنەڕەتییەکانى وەرزەکانى یاسادانان دادەنرێت و لەئێستادا لەلیژنەى دارایی لە تاوتوێکردن و ئامادەکردنى کۆتاییدایە بۆ دەنگدان و بەپێى زانیارییەکانى ئەم لیژنەیە لە کۆى ٥٢ مادە نزیکەى ٢٦ مادەیان ناکۆکییان لەسەرە.

ع.ا