سەردێڕ:

ئیسرائیل بە پۆمپیۆدا هەڕەشەى ناردووە بۆ عێراق

فۆتۆ: 
2019-01-16

34066 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بە دەسەڵاتدارانى عێراقى ڕاگەیاندووە تەلئەبیب بەنیازە هێرش بکاتە سەر هەندێ گروپى شیعە لەناو خاکى عێراق، کە لە سوریا دەجەنگن و، چیتر ڕەنگە ئەمریکا نەتوانێت بەر بەم داوایە بگرێت.

چەند سەرچاوەیەکى سیاسیی عێراقى ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی کانوونى دووەمى ٢٠١٩ بە هەندێک ماڵپەڕى نزیک لە حکومەتى عێراقیان ڕاگەیاندووە، مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لە دوا سەردانیدا بۆ بەغدا بە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى ڕاگەیاندووە، لە هەر ئان و ساتێکدا ئیسرائیل هەندێ پێگەى گروپە شیعەکان لە عێراق دەکاتە ئامانج کە درێژکراوەى گروپە چەکدارەکانى سوریان.

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان ڕوونکردووەتەوە، پۆمپیۆ بە عادل عەبدولمەهدى وتووە، ئەمریکا ناتوانێت بۆ هەمیشە ڕێگری لە ئیسرائیل بکات لەم خواستەیدا، چونکە ئەو گروپانە هەرکات لە سوریا بەر گورز دەکەون، جارێکیتر لەسەر خاکى عێراق خۆیان ڕێکدەخەنەوە بۆ خزمەتکردنى ئامانجەکانى حیزبوڵڵا و ئێران، ئەمریکاش متمانەى بەم دیدگایەى ئیسرائیل هەیە، بەڵام لە ئێستادا ڕێگرە لە جێبەجێکردنى ئەو خواستە، چونکە ئەمریکا کاردانەوەى ئەو هەنگاوە لەبەرچاو دەگرێت لەسەر ئاستى عێراق.

بەپێى توێژینەوەیەک کە پەیمانگایەکى توێژینەوەى سەربە زانکۆى تەلئەبیب بڵاویکردووتەوە، سوپاى ئیسرائیلى شەڕکردنى لەگەڵ هەندێ لایەنى عێراقى لە چوارچێوەى ١٠ ئالنگارییدا داناوە کە ڕووبەڕووى ئیسرائیل دەبێتەوە لە ساڵى ٢٠١٩.

هـ،ڕ