سەردێڕ:

کەشناسی هەرێم هۆشداری لە نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما دەدات

بەفربارین لە سنوری قەزای ئامێدی
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-16

83417 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتى کەشناسی و بومەلەرزەزانى هەرێمى کوردستان هۆشداری دەدات لە نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما و لە ناوچە شاخاوییەکانیش پلەکانى گەرما دەچنە ژێر سفرى سیلیزییەوە.

کەشناسی هەرێم لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە، لەدرەنگانى ئەمشەو پێنجشەممەدا بارستە هەوایەکى ساردى جەمسەریی لە ناوەڕاستى ئەوروپاوە ڕوو لە ناوچەکانى هەرێم دەکات.

ڕاشیگەیاندووە، سبەی پێنجشەممە لە تەواوى سەنتەرى قەزا و ناحییەکانى ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمى کوردستاندا بەفردەبارێت، پێشبینیشدەکرێت لە سەنتەرى پارێزگاکانى سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە بەفر ببارێت، ئەگەریش هەیە لەسەنتەرى پارێزگاى هەولێر و کەرکوکیش بەفر بە تێکەڵى لەگەڵ باران ببارێت.

کەشناسی هەرێم ڕوونیشیکردەوە، پلەکانى گەرما ڕوو لە نزمبوونەوەیەکى بەرچاو دەکەن و لە ناوچە شاخاوییەکانیش لە پلەى ژێر سفرى سیلیزیدا دەبێت.

هەر بەپێی پێشبینییەکانى کەشناسی ئەو شەپۆلە سەرمایە تاوەکو بەرەبەیانى ڕۆژى هەینى کاریگەرییەکەى لەسەر هەرێم دەمێنێتەوە.

ئ.ر