سەردێڕ:

بڕیاری دەستبەکاربوونەوەى ئەندامانى کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق درا

فۆتۆ: 
2019-01-16

1861 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تی، بەغدا، ئومێد محەمەد

ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا جارێکى دیکە ئەندامانى کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکان کە سڕکرابوون بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى ئاسایی خۆیدا بڕیاریداوە ئەندامەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستبەکارببنەوە ئەوەش بەمەبەستى ئامادەکاریکردنە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق کە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندبوو دەتوانن تاوەکو ڕۆژى ١٦ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ ئامادەکارییەکانیان تەواوبکەن.

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى عێراق ئامادەیی دەربڕیوە هەموو پێداویستییە لۆجیستییەکان بۆ کۆمسیۆن دابینبکات بۆئەوەى لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بکەن و کێشەى یاسایی دروست نەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیاربوو هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە مانگى کانونى یەکەمى ساڵى ٢٠١٨ بکرایە، بەڵام بەهۆى سڕکردنى کۆمسیۆنی باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنى عێراقەوە هەڵبژاردنەکە نەکرا.

ئ.ر