سەردێڕ:

تایبەت بە دەرمانی قاچاخ و لەسەر سکاڵای پارتی بەڕێوەبەری نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر دەستگیرکرا

لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە
رێبوار کاکەیی بەرپرسی نوسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-16

9972 جار خوێندراوەتەوە

تایبەت بە دەرمانی قاچاخ و لەسەر دوو سکاڵای مەکتەبی سیاسی پارتی و فازیل میرانى، رێبوار کاکەیی بەڕێوەبەری نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر  دەستگیرکرا.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى لەبەردەم دادگاى تێهەڵچوونەوەى هەولێر ڕایگەیاند، دوو سکاڵا تۆمارکراون کە یەکێکیان لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتییەوە لەسەر ئێن ئاڕتى و ماڵپەڕەکەى تۆمارکراوە، ئەوەی دیکەشیان لەلایەن فازیل میرانى سکرتێرى مەکتەبی سیاسی پارتى تۆمارکراوە، ڕێبوار کاکەیی لەسەر ئەو دوو سکاڵایە دەستگیرکراوە.

دەستگیرکردنی بەرپرسی نوسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تی دوای ئەوە دێت کە ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ ئێن ئاڕ تی لە راپۆتێکدا قۆرخکردن و بەقاچاخ هاوردەکرنی دەرمانی لەلایەن چەند بەرپرسێکی پارتی و یەکێتییەوە ئاشکراکرد و رایگەیاند، بە قاچاخ لە سنورەکانەوە دەرمان هاوردەی هەرێم دەکرێت و تا ئێستاش حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە ئەو رێگەیە کۆنتڕۆڵ بکات.

لە راپۆرتەکەدا و بە پشتبەستن بە نوسراوێکى وەزارەتى تەندروستى هەرێم، ئاماژە بەوەکرابوو کە داوا لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل کراوە ڕێگە بە هەندێک دەرمان بدرێت تا به‌بێ پشکنین بهێنرێنە هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌.

ئێن ئاڕ تی بڵاویشیکردبووەوە، هەرێمى کوردستان پێداویستى پزیشکى و دەرمان لە سێ سەرچاوەوە دابیندەکات، ئەوانیش لەڕێگەى وەزارەتى تەندروستى عێراق و بەرهەمهێنانى ناوخۆیی کە ڕێژەیەکى کەمى پێداویستى ناوخۆیی پڕدەکاتەوە، سەرچاوەى سێیەمیش هاوردەکردنى دەرمانە لەڕێگەى کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانەوە کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٩٥ کۆمپانیاى ناوخۆیی و بیانییە.

ش.ق