سەردێڕ:

مەسەدە: ئەگەر تورکیا دەستی هەبێت لە پێکهێنانی ناوچەی ئارام داگیرکاری دەکات

فۆتۆ: 
2019-01-16

1160 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

ریاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە، ڕایگەیاند، ئەگەر تورکیا دەستی هەبێت لە پێکهێنانی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان ئەوا داگیرکاری دەکات، دەرار وتویەتی، ئەو ناوچە ئارامەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی لێوەکرد، ناوچەیەکە دوورە لە گرژی و ئاڵۆزی و نابێت لەژێر دەسەڵاتی لایەنێکی دیاریکراودا بێت و لەو ناوچەیە ڕێگە بە چەکداران نادرێت. ئەم وتانەی هاوسەرۆکی مەسەدە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانێکی ئەردۆغان کە ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی ناوچەی ئارام بە درێژی ٣٠ کیلۆمەتر لە نزیک سنورەکانی پێکدەهێنێت.

+++

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردووەتەوە، پاسەوانی کەناراوی تورکیا دوێنێ ٤٠ کۆچبەریان لە دەریای ئیجەدا لە خنکان ڕزگارکردووە، ئاژانسەکە دەڵێت، کچێکی عێراقی تەمەن ٤ ساڵ لە ئاوەکەدا خنکاوە و تا ئێستا ڕەچەڵەکی کۆچبەرەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکراوە.

++++

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، عەلی ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەتوانێت لە ماوەی چوار ڕۆژدا یۆرانیۆم بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ بپیتێنێت، و کۆگای پیتاندنی بۆ ئەو کارە هەیە، ئەم وتانەی ساڵحی مەبەست لێی دەرخستنی توانای ئێرانە بۆ فراوانکردنی خێرای بەرنامەی پیتاندنەکەی ئەگەر هاتوو ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا هەڵبوەشێتەوە.

++++

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی نوسیویەتی، دوای ئەوەی لە دەنگدانێکدا لە پەرلەمانی بەریتانیا، ڕێککەوتنی جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا شکستی هێنا، پارتى کرێکارانى ئۆپۆزسیۆن پڕۆژەیاسایەکیان بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە سەرۆک وەزیرانى بریتانیا بردە پەرلەمان و بڕیارە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت. ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئامانجی پارتی کرێکاران لەم دەنگدانە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەکەیە.

+++

ماڵپەڕی یو ئێس ئەی تودەی بڵاویکردووەتەوە، دادگاییکردنی ئێل چاپۆ گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە شاری نیویۆرک بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا سەرۆکی پێشووی مەکسیک تۆمەتباردەکرێت بەوەی بەرتیلی لە تۆمەتبارەکە وەرگرتووە. بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، شایەتحاڵێک کە لە نزیکەوە لەگەڵ ئێل چاپۆدا کاریکردووە، بە دادگای ڕاگەیاندووە، ناوبراو ساڵی ٢٠١٦، بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک بەرتیل بە ئێنریکی پێنا نیتۆ سەرۆکی پێشووی مەکسیک بەخشیووە.

ش.ق