سەردێڕ:

هەسەدە شارۆچکەیەکی دیکەی لە سوریا کۆنتڕۆڵکردەوە

هێزەکانى سوریاى دیموکرات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-16

2304 جار خوێندراوەتەوە

 ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە هێزەکانی هەسەدە بەتەواوى شارۆچکەى سوسەیان لە ڕۆژهەڵاتى سوریا کە لەژێردەستى چەکدارانى داعش بوو، کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و لەئێستادا تەنها ناوچەیەکی بچووکی لەژێردەستدا ماوە.

ڕامی عەبدوڵرەحمان بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس ئاماژەى بەوەکردووە، سوسە گەورەترین شارۆچکە بووە کە بەدەست چەکدارانى ڕێکخراوى داعشەوە بوو و ١٢٠ چەکداری ئەو ڕێکخراوە لە کاتى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەکە خۆیان بەدەستەوەداوە.

وتیشی، ئێستا داعش تەنها شارۆچکەی باغۆز فۆقانی لەبەردەستدا ماوە لەگەڵ هەندێک بینای نیشتەجێبووندا کە ڕووبەرەکەیان دەگاتە نزیکەی ١٥  کیلۆمەتر چوارگۆشە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە دوای مانگی ئەیلولى ساڵی ڕابردووەوە پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار چەکداری ڕێکخراوی داعش و نزیکەی ٦٠٠ چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات و٣٦٠ هاوڵاتی مەدەنی.

ئ.ر