سەردێڕ:

رانیە.. بەهۆی نەخۆشییەوە بەشێک لە ئاژەڵەکانی گوندێک مرداربوونەتەوە

رانیە.. بەهۆی نەخۆشییەوە بەشێک لە ئاژەڵەکانی گوندێک مرداربوونەتەوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-16

2069 جار خوێندراوەتەوە

لە گوندی سپیاوی دۆڵە ڕەقەی سەربە قەزای ڕانیە، نەخۆشیەک لەناو ئاژەڵەکانی ئەم گوندەدا بڵاوبوەتەوە، کە بووەتە هۆی مرداربوونەوەی بەشێک لە ئاژەڵەکان، بەشێک لە بێچووە ئاژەڵەکانیش دوای لەدایکبوونیان مرداربوونەتەوە.

بەوتەی دانیشتوانی گوندەکە، بەشێک لە ئاژەڵەکانیان تووشی نەخۆشییەکانی تاعون و تەبەقە بوون، حکومەتیش لە چارەسەرکردنیاندا هاوکارییان ناکات.

موحسین عەبدوڵا لێپرسراوی ڤێتەرنەری ڕانیە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە چەند ساڵێکە ناتوانن ئاژەڵەکانی سنورەکە دژی نەخۆشییەکان بە دەرزی بکوتن، تائێستاش ئاگادارنەکراونەتەوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە ناو ئاژەڵەکانی گوندی سپیاوی دۆڵە ڕەقەدا.

سنوری دۆڵە ڕەقە لە ١٩ گوند پێکهاتووە، کە بەشێک لە گوندنشینانی سنورەکە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، گوندەکانیان جێهێشتووە، بەشێک لەو هاوڵاتیانەش کە لە گوندەکاندا ماونەتەوە بژێوی ژیانیان لەسەر ئاژەڵدارییە.

ش.ق