سەردێڕ:

هەوڵی گرانکردنی نرخی قسەکردنی ئاسیا سێڵ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیی هێنایە دەنگ

پێشتر مانگانەی قسەکردن بە شەش هەزار دینار بووە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-16

25635 جار خوێندراوەتەوە

١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێک ئاراستەی ئەنجومەن دەکەن بۆ بەدواداچوونی گرانبوونی نرخی قسەکردنی سیمکارتی مامۆستایان و فەرمانبەران.

لە یاداشتێکدا ئەو ١٦ ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایانکردووە، بانگهێشتی بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلیمانی و نوێنەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ بکرێت، سەبارەت بە گرانکردنی نرخی مانگانەی کارتی پڕکردنەوەی سیمکارتی مامۆستایان و فەرمانبەران، کە بەنیازن لە ٦ هەزارەوە بکرێت بە ١٠ هەزار دینار.

لەو یاداشتەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە ڕێگەی نامەی ئاسیا سێڵەوە بەشداربووان ئاگادارکراونەتەوە کە بڕیاریانداوە لە ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگەوە نرخەکەی بکرێتە ١٠ هەزار دینار.

داوایانکردووە بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن و نوێنەری ڕێگەپێدراوی ئاسیا سێڵ ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بانگهێشتبکرێت بۆ هۆڵی سەرۆکایەتی ئەنجومەن، بەتایبەت کە بڕیاربووە ئەو ئۆفەرە تا ساڵی ٢٠٢١ بەردەوام بوایە.

ع.م