سەردێڕ:

فراکسیۆنە کوردییەکان دەیانەوێت موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دووربخرێتە لە ململانێکان

پێش ئەوەی پەرلەمانی عێراق بودجە پەسەند بکات
کۆبوونەوەی فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-16

2753 جار خوێندراوەتەوە

ڕەشنوسی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەژێر دەستی لیژنەی دارایدایە و فراکسیۆنەکانیش چاویان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانیەتى، پێش ئەوەى پڕۆژەکە بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران بۆ پەسەندکردنى.

فراکسیۆنە کوردییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پڕۆژەکە بەم شێوەیە کێشەی تێدایە و دەبێت چارەسەر بکرێت لانی کەم بە شێوازێک موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند نەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش برگەیەکیان بۆ پرۆژەکە زیادکردووە بە شێوازیک ئەگەر ھاتوو  ھەرێمی کوردستان پابەندش نەبێت بە مەرجەکانی ناو پرۆژەکە، بەغدا موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بنێرێت.

جگە لە کورد، سوننەکانیش پڕۆژەى بودجەیان بەدڵ نییە و  داوای زیادکردنی بڕى ئەو بودجەیە دەکەن کە بۆ پارێزگا سونییەکان تەرخان کراوە.. ئەوان پێیان وایە ھێشتا خواستەکانیان لە پڕۆژەى بودجە جێگای نەکراوەتەوە و دەڵێن ناهێڵن بەم شێوازە تێپەڕێنرێت.

ڕامی سوکەینی پەرلەمانتارى فراکسیونی سائیرون پێی وایە دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە کاری لەسەر ئەدای ئەم خولەی پەرلەمان کردووە و نابێت پەسەندکردنى زیاتر دوابکەوێت.

بودجەی گشتی عێراق بە زیاتر لە ١٣٣ ترلیون دینار خەمڵینراوە و ١٠٥ ترلیون داھات  و ٢٧ ترلیون کورتھێنانى ھەیە نرخی نەوتیش کە لە ھەموو داھاتەکانی دیکە زیاتر پشتی پێبەستراوە  بە ٥٦ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک دیاریکراوە

رۆژى ١٠ى ئەم مانگە پەرلەمان کۆتایی هێنا بە تاوتوێکردنى پڕۆژەى بودجە و لە ئێستاشدا پڕۆژەکە لەلایەن لیژنەى داراییەوە ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.

ع.م