سەردێڕ:

چوار وەزارەت پێکهێنانی کابینەکەی عەبدولمەهدییان راگرتووە

تەواونەبوونی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-15

1345 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەى هەشتا ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر ڕاگەیاندنى یەکەم وەجبەى وەزیرەکانى عادل عەبدولمەهدیدا لە بەغدا، کەچى هێشتا وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگری و داد و پەروەردە جێگەى مشتومڕ و ململانێى لایەنە شیعى و سوننى و کوردییەکانن و، کاندیدەکانیان نەخراونەتە دەنگدان.

بەپێى ئەو زانیارییانەى لەبەردەستدان بۆ پڕکردنەوەى وەزارەتى ناوخۆ لایەنە شیعەکان بەرەو گۆڕینى ناوى فالح فەیاز دەڕۆن، چونکە لەوکاتەوەى پێداگری لەسەر ناوبراو هەیە، موقتەدا سەدر خۆى گۆشەگیر کردووە و باوەڕوایە لە عێراقیشدا نەبێت. سەرچاوە سیاسییەکانى شیعە ئەوەیان درکاندووە بژاردەکانى جێگرەوەى فەیاز جۆراوجۆرن، لەوانەش شروان وائیلیى ڕاوێژکارى ئاسایش لە سەرۆکایەتى کۆمار، یان سەرپشککردنى فەیاز بۆئەوەى خۆى کەسێک کاندیدبکات لەگەڵ مانەوەى ناوبراو ل ەسەرۆکایەتى حەشد و سەرۆکایەتى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى.

سەبارەت بە وەزارەتى داد کە گرێکوێرەى نێوان پارتى و یەکێتییە، لە پاش کۆبوونەوەى ئەمدواییەى هەولێرى نێوان سەرکردەکانى هەردوولا، ئەگەر دروستبووە بە ڕێککەوتن بگات. لەناو لیستە پەڕلەمانییەکانى بەغداش تا ئێستا دوو ناو زۆر زەقن، کە حاکم دارا نورەدین و دادوەر ڕزگار حەمە ئەمینن. یەکەمیان بە فەرمى ناوى نێردرا بۆ پەڕلەمان بەڵام دواخستنى کۆبوونەوەکان و گوشارى یەکێتى ڕێگربوو لەوەى بخرێتە دەنگدان، دووەمیشیان کە پێشتر دادوەرى دادگاى سەدام بووە بە گەرمى باسى کاندیدکردنى هەیە وەک چارەسەرێک لە نێوان پارتى و یەکێتى، کە لەسەر ئەو پۆستە لە ڕکابەریی تونددان.

هەرچى وەزارەتى بەرگرییە، نیمچە یەکلایە بۆ سەلیم جبورى سەرۆکى پێشووى پەڕلەمان، بەڵام لە پەنا ئەویشدا ناوى کاندیدی ترى گریمانکراو زۆرە و نەبوونى پێشینەى سەربازى لەلایەن جبورییەوە ڕێگرە لەوەى ڕکابەریی بەهێز لەسەر ئەو پۆستە بکات.

بۆ وەزارەتى پەروەردە کە وەزیرەکەى شەیما حەیالى لەبەر ئەوەى خوشکى چەکدارێکى داعش بوو، پێش سوێندخواردن وازیهێنا، تا ئێستا ژمارەیەک ناو لەلایەن حیزبەکەى خەمیس خەنجەرەوە پێشکەشکراوە، بەڵام ڤیتۆى لایەنە شیعییەکان ڕێگرە لە یەکلاییکردنەوەیان، چونکە لە پاش حەیالی خواستەکان لەسەر پێشکەشکردنى خەڵکانى بێ کێشەن، چونکە پەروەردە یەکێکە لە وەزارەتە هەستیارەکان.

کێشەى وەزارەتە بەتاڵەکان لەکاتێکدا چەقى بەستووە کە وردە وردە خۆپیشاندان لە بەسڕەى پایتەختى ئابوورى عێراقەوە خەریکە سەرهەڵدەداتەوە، لەکاتێکدا هێشتا وەرزى زستانە و کێشەى کارەبا و ئاوى خواردنەوە کەمترە لە جاران و، چاودێران باس لەوە دەکەن ئەگەر کارەکانى کابینەکەى عەبدولمەهدى بەم سستییەى ئێستا بڕوات، ئەوە لە هاوینى داهاتوو دەکرێت ڕەوتى خۆپیشاندانەکان خێراتر و ئاڵۆزتر ببێت، چونکە ئەو هۆکارانەى کە لە سەردەمى حکومەتى عەبادیدا هەبوون بۆ توڕەیی بەسرەییەکان بەشى زۆریان هەروەک جارانن و بەردەوامیش لە پەرەسەندندان.

ع.ا