سەردێڕ:

​ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: مەعقول نییە یەکێتی بە ٢١ کورسییەوە داوای ئەو هەموو پۆستە بکات

هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-15

13640 جار خوێندراوەتەوە

هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، مەعقول نییە یەکێتی بە ٢١ کورسییەوە لە حکومەتی نوێدا داوای ئەو هەموو پۆستە بکات.

لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا هێمن شێخانی ڕایشیگەیاند، ئەم یارییە منداڵانەیە، کە یەکێتی بە ٢١ کورسییەوە داوای سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، پارێزگاری کەرکوک، سەرۆک کۆمار و وەزارەتی داد دەکات.

دەربارەی دۆخی یەکێتی و پارتی هێمن شێخانی ڕایگەیاند، پێگەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەق بووە و، یان دەبێت کودەتا بەسەر ئەم دوو هێزەدا بکرێت یان دەبێت بگەڕێنەوە مێزی گفتوگۆ و ڕێز لە لایەنە سیاسییەکان بگرن و داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکەن.

وتیشی، "سەرکوتکاری و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان زۆرتر بووە و، ئەمەش وایکرد خەڵک باوەڕی بە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی نەمێنێت."

هێمن شێخانی ڕەخنەی لە یەکێتی و پارتی گرت و ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ بەغدا دروستبکات و چیتر پشت بە تورکیا و ئێران نەبەستێت و ئەجێنداکانی ئەو وڵاتانە جێبەجێ نەکەن، لەگەڵ ئەوەی مێژووی ئەم دوو حزبە پێماندەڵێت، ڕەنگە نەتوانن ئەم کارە بکەن.

ڕاشیگەیاند، پارتی خاوەنی ٧٠ کورسیش بێت ناتوانێت بە تەنیا حوکمی ئەم وڵاتە بکات، چونکە یەک هێز لەم وڵاتەدا نییە.

سەبارەت بە بەشداریی بزوتنەوەکەیان لە حکومەتی نوێدا وتی، "ئەگەر بەرنامەی کابینەکە بەو جۆرە نەبێت کە خواستی ئێمەی تێدا بێت ئەوا ڕای زۆرینەی گۆڕان ئەوەیە بەشداری نەکەین."

ڕاشیگەیاند، گۆڕان هەوڵیدا لەناو وڵاتێکدا کە بەدەست دوو هێزی چەکدارەوەیە چاکسازی بکات بەڵام نەیتوانی بە تەواوی سەرکەوتوو بێت و، یەکێتی و پارتی ئەو بەڵێنانەیان نەبردەسەر کە بە گۆڕانیان دابوو.

ئەندامەکەی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بەرکەوتەی حزبەکانیش لە کابینەی نوێدا ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆکی هەرێم بە مافی تەواوی خۆیان دەزانن و پارتی تەنها دەتوانێت داوای سەرۆکی حکومەت و یەکێتیش داوای سەرۆکی پەرلەمان بکات.

وتیشی، پارتی دڵنیایە و ئەو ڕاستییە دەزانێت ئەم کابینەیە گۆڕانی تێدا نەبێت سەرکەوتوو نابێت.

ع.ا