سەردێڕ:

ئەمشەو بڕیاری دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا یەکلادەبێتەوە

چاودێران دۆخی بەریتانیا پێیان وایە تریزا مەی ڕووبەڕووی شکستی گەورە دەبێتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-15

3551 جار خوێندراوەتەوە

تێرزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هۆشداری دایە نەیارانی دەرچوونی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا، بەوەی گەلەکەیان بێهیوا دەکەن و مەترسی دروستدەکەن لەسەر بەڵێنەکانیان کە پێیاندابوون.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد، پێداچوونەوە بکەن بە ڕێککەوتننامەی بریگزت، ئاماژەی بەوەش کرد، کتێبە مێژووییەکان حوکم دەدەن لەسەر ئەوەی پەرلەمانتاران ڕاستگۆ بوون لەسەر ڕێککەوتنەکە دوای ئەوەی دڵنیایی دەدرێت لەسەر پاراستنی ئابووری و ئاسایشی بەریتانیا.

لە بەرامبەر ئەو وتانەی تێریزا مەی، جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کرێکاران ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، پارتی نیشتمانی سکۆتلەندی ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران لە جیهانێکی خەیاڵیدا دەژی و پێویستە حکومەت دەستبەرداری هەڕەشەکانی بێت سەبارەت بە چوونە دەرەوە لە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا بێ ڕێککەوتن.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک ڕێککەوتننامەی بریگزت ساڵانە بڕی ١٠٠ ملیار جونەی ئیستەرلینی لەسەر بەریتانیا دەکەوێت.

بڕیاریشە ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی بەریتانیا دەنگ لەسەر ڕێککەوتنی بەریتانیا لە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا بدەن، لە دەنگدانەکەدا پارتی کرێکاران و چەند حزبێکی دیکەی ئەو وڵاتە دژی ڕێککەوتنەکەن و چاوەڕوانیش دەکرێت نزیکەی ١٠٠ پەرلەمانتاری پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار و پەرلەمانتارانی پارتی یەکێتیی دیموکراتی، کە ژمارەیان ١٠ پەرلەمانتارە، بچنە پاڵیان.

هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی ڕابردوودا دەنگدان بکرێت لەسەر دەرچوونی بەریتانیان لە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام لە دوا ساتەکانی کۆتاییدا سەرۆک وەزیران هەڵیوەشاندەوە، چونکە چاوەڕوانی دەکرد ڕووبەڕووی شکست ببێتەوە.

چاودێرانی دۆخی بەریتانیا پێیانوایە، چاوەڕواندەکرێت سەرۆک وەزیران لەم دەنگدانەدا شکست بهێنێت.

ع.م