سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی سەرماوە ١٥ منداڵ لە سوریا گیانیان لەدەستداوە

یەکێک لە کەمپی ئاوارەکانی سوریا لەم وەرزەدا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-15

1512 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، بەهۆی سەرما و سۆڵەی وەرزی زستانەوە ١٥ منداڵ لە سوریا گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمیی چاودێرییەوە، بەلای کەمەوە ١٥ منداڵ لە کامپی ئاوارە سورییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

خەیرەت کابیلیر بەڕێوەبەری هەرێمایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ڕێکخراوی یونسێف ڕایگەیاند، ٨ منداڵ لەو ژمارەیە لە کامپی ئاوارە سورییەکانی ڕوکبانی باشوری سوریا لەسەر سنوری ئوردن گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستاش ژیانی منداڵان لە مەترسیدایە و دووچاری کێشەی تەندروستی دەبنەوە، کە دەکرێت چارەسەربکرێت، چونکە ناتوانرێت بەهانە بۆ ئەو حاڵەتە بهێنرێتەوە لە سەدەی ٢١دا.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، حەوت منداڵی تر لە خۆرهەڵاتی سوریا بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، کاتێک خۆیان و خێزانەکانیان بەهۆی هێرشی داعشەوە ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە.

لە کۆتایی وتەکانیدا کابیلیر هۆشداری دا لەوەی، بێ چاودێریی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە، چاوەڕواندەکرێت منداڵانی زیاتری سوریا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەو کامپانەی ئاوارەکان گیان لەدەستبدەن.

تا ئێستا چەندجارێک نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە، لەم وەرزی سەرمایەی ئەمساڵدا هۆشدارییان داوە لە خراپی دۆخی ئاوارە سورییەکان، بەتایبەت ئەوانەیان کە لە ناوخۆیی وڵاتەکەیاندا ئاوارە و بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە.

ع.م