سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی داوای لە عەبدولمەهدی کردووە سێ موچەى ساڵی ڕابردوو بۆ هەرێم بنێرێت

عادل عەبدولمەهدی و نێچیرڤان بارزانی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-15

26103 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، ئیحسان سابیر

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی داوای لە عادل عەبدولمەهدی کردووە سێ موچەى ساڵی ڕابردوو بۆ هەرێم بنێرێت و، لە ئێستادا لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩دا بڕگەیەک تایبەت بە موچەی ئەو سێ مانگەی ساڵی ڕابردوو جێکراوەتەوە.

ڕێباز حەملان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە بڕگەیەکی بودجەی ئەمساڵی عێراقدا موچەی سێ مانگی کۆتایی ٢٠١٨ جێکراوەتەوە و، ئەگەر بەم جۆرە پڕۆژە یاسای ٢٠١٩ پەسەندبکرێت و عێراق پارەکە بنێرێت، ئەوا موچەی ئەو سێ مانگە دابەشدەکرێت.

وەزیری دارایی ڕایشیگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا قسەیکردووە و، لەوبارەیەوە داوای لێکردووە کە موچەی ئەو سێ مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبکات.

ئەوەشی دووپاتکردەوە، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت عێراق موچەی ئەو سێ مانگە بۆ هەرێم بنێرێت.

وەزیری دارایی وتیشی، "لەکاتی ناردنی پارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئێمە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ بەردەوام دەبین لە پێدانی موچەی ئەو سێ مانگە."

ع.ا