سەردێڕ:

جەواد زەریف: نامانەوێت سزاکان کاریگەرى لەسەر ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ هەرێم هەبێت

دیدارى بازرگانى نێوان هەرێم و ئێران
دیدارى بازرگانى نێوان هەرێم و ئێران
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى
2019-01-15

12954 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد جەواد زەریف وەزیرى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، نایانەوێت سزاکان کاریگەرى لەسەر ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ هەرێم هەبێت.

لەمیانەى بەشداریبکردنى لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى بازرگانانى هەرێم و ئێران لە هەولێر محەمەد جەواد زەریف ڕایگەیاند، خۆشحاڵن بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و هیواشی خواست بە زوترین کات کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم پێکبهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن کێشەى پێدانى پارە بەو کۆمپانیا ئێرانییانەى لەهەرێم کاردەکەن چارەسەربکرێت.

هاوکات نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، پەیوەندییەکى مێژویی و سنورێکى درێژیان لەگەڵ ئێران هەیە و هەوڵ دەدەن باشتریش بێت لەوەی ئێستا.

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، هەوڵ دەدەن کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەربکەن و لە ئێستاشدا وەزیرى پلاندانانى هەرێم لە بەغدایە بۆ چارەسەکردنى کێشەى گومرگ و خاڵە سنورییەکان.

هاوکات بەڵێنیشیدا دا بە وەزیرى دەرەوەى ئێران دانیشتنى تایبەتى بکەن بۆ چارەسەر کردنى پێدانى شایستە داراییەکان بە کۆمپانیا ئێرانییەکان.