سەردێڕ:

تورکیا بە تاڵانکردنی ڕۆنی زەیتۆنی عەفرین تۆمەتبار دەکرێت

تورکیا بە تاڵانکردنی ڕۆنی زەیتۆنی عەفرین تۆمەتبار دەکرێت
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-15

11362 جار خوێندراوەتەوە

پەڕلەمانتارێکی سویسرا ئاشکرایدەکات، تورکیا ڕۆنی زەیتونی باخەکانی عەفرین بە وڵاتانی ئەوروپا دەفرۆشێت، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنقەرەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و تاڵانکراون.

بێرنهارد گول پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی پارێزگارانی سویسرا لە وتارێکیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی، ئاگاداریدایە حکومەتی سویسرا لەبارەی ئەگەری فرۆشتنی ڕۆنی زەیتونی بەتاڵانکراوی عەفرین، کە لەسەر بەرهەمەکە بە مەبەست نوسراوە "ڕۆنی تورکی" و لە بازاڕەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، لە نێویشیاندا ئیسپانیا، ساغکراوەتەوە.

ئەو پەڕلەمانتارە ڕایگەیاندووە،  "لە عەفرینی داگیرکراوی ژێردەستی تورکیا، باخی زەیتون لەلایەن هێزەکانی تورکیا و چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەوە تاڵاندەکرێت، ئەو زەیتونانەی کە دزراون فرۆشراون بە ئیسپانیا و ئەو بازرگانیەش بەردەوامە".

ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد، "هەڵوێستییان چی دەبێت سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکردن لە بازرگانی و داهاتی ئەو بەرهەمەی کە ئەگەری هەیە تاڵانکراوبێت".

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی ئۆنڵاینی ئیسپانی پەبڵیکۆ ئاشکرایکردووە، تورکیا لە ڕێگەی ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆوە رۆنی زەیتونی دەستبەسەرداگیراوی عەفرین بە ئیسپانیا دەفرۆشێت.

رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆییەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، ڕۆنی عەفرین لەگەڵ بەرهەمی تورکیدا تێکەڵکراوە و لە ژێر ناوی بەرهەمی ناوخۆیی تورکیدا فرۆشراوە.

پەبڵیکۆ لە زاری شایەتحاڵێکەوە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، ساڵی ڕابردوو بە بڕی نزیکەی٧٠ملیۆن یۆرۆ ڕۆنی زەیتونی عەفرین بە ئیسپانیا فرۆشراوە و دواتر تورکیا داهاتی بەرهەمەکەی بە گروپی چەکداری سوپای سوریای ئازاد بەخشیووە.

پەڕلەمانتارەکەی سویسرا، بە رۆژنامەی پەبڵیکۆی وتووە، "گرنگ نیە دوا خاڵی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە ئیسپانیا بێت یاخود ئەڵمانیا، پێویستە وڵات یان وڵاتانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە لێکۆڵینەوە بکەن سەبارەت بەوەی کۆمپانیا تورکییەکانی بەرهەمهێنی رۆنی زەیتون، ڕۆنی دزراو بەکاردەهێنن یاخود نا".

ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا سێهەم هەناردەکاری رۆنی زەیتونە بۆ یەکێتی ئەوروپا، لەدوای تونس و مەغریبەوە.

کانتۆنی عەفرین لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا کەوتە دەست هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لەو وڵاتە.

ش.ق