سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لە ئاسمانی وڵاتێك جاڵجاڵۆکە دەبارێت

لە ئاسمانی وڵاتێك جاڵجاڵۆکە دەبارێت
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-15

40151 جار خوێندراوەتەوە

لە دیمەنێکی مەترسیداردا دانیشتووانی ویلایەتێکی بەرازیل تووشی سەرسوڕمان بوون، کە بینییان ژمارەیەکی زۆر جاڵجاڵۆکە لە ئاسمانەوە بەردەبنەوە وەك ئەوەی ببارێن.

ماڵپەڕی سکای نیوز لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کوڕێك بە ناوی خواو پیدرۆ مارینیلی فوسینکا لەوکاتەی کە سەردانی کێڵگەکەی کردووە لە ویلایەتی میناس جیرایس، بینیویەتی کە جاڵجاڵۆکە وەكو باران لە ئاسمانەوە دەبارێت، لەگەڵ ئەوەی فریاکەوتووە کە ڤیدیۆیەکی ئەو ڕووداوە تۆماربکات بەڵام نەیزانیوە هۆکاری فڕین و بەربوونەوەی ئەو جاڵجاڵۆکانە چییە.

لەوبارەیەوە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە وتوویانە، هەموو ئەو جاڵجاڵۆکانە نەدەکەوتنە سەر زەوی، بەشێکیان هەر بە ئاسماندا دەفڕین و بە خێراییەکی زۆر بە هەموو ئاڕاستەکاندا دەڕۆیشتن.

پسپۆڕان ئاشکرایانکردووە، هۆکاری ئەوەی وایکردووە ئەو جاڵجاڵۆکانە هەر بە ئاسمانەوەبن و نەکەونە سەر زەوی، کەشی گەرم و شێداری ئەو ناوچەیە بووە.

ئاماژەیان بەوەش داوە، ئەم جۆرە جاڵجاڵۆکانە بە خێرایی تۆڕ بۆ خۆیان دروستدەکەن و بە هەموو جەستەیاندا دابەشیدەکەن، ئینجا ئەو تۆڕانە بە ئاسماندا بەرزدەبنەوە بەهۆی پلەی گەرمی و شێداریی کەشەوە، هەروەها جاڵجاڵۆکەکان سوود لەم حاڵەتە وەردەگرن بۆ ڕاوکردنی نێچیرەکانیان.

لەوبارەیەوە زانایەکی بواری زیندەوەرزانی لە پەیمانگای "بوتانی" بە ناوی کریستینا ئان ڕیمس وتی، "ئەم جۆرە جاڵجاڵۆکانە مەترسییان بۆ مرۆڤ نییە و، نابنە هۆی توشبوون بە ڕووداو، هەروەها ژەهرەکەیان مەترسیدار نییە."

لەلایەکی دیکەوە دایە گەورەی مارینیلی فوسینکا وتوویەتی، "پێشتر ڕووداوی لەم جۆرەیان بینیوە، بە تایبەت لە ڕۆژە گەرمەکاندا."

ش.ق