سەردێڕ:

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک داوادەکەن لەگەڵ پارێزگاکانی تر هەڵبژاردنی ئەنجومەن بکرێت

فۆتۆ: 
2019-01-14

1272 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەتەمەنترین ئەنجومەنی پارێزگایە لە هەموو عێراقدا و تەمەنی ١٣ ساڵە، بەشێک لە لایەن و پێکهاتەکان مەترسیی ئەوەیان هەیە جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە دوابخرێت.

بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا داوادەکەن، ئەمساڵ لە کەرکوک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بکرێت و جیانەکرێتەوە لە پارێزگاکانی دیکە.

بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە پێویستی دەزانن هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکە بەڕێوەبچێت و دەڵێن، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خەڵکی کەرکوک بێبەشکراون لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان.

پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانەکان بە مەرج لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەنجومەنەکە و، داوادەکەن لیستی ناوی دەنگدەران پاکبکرێتەوە، لە کۆمسیۆندا نوێنەریان هەبێت بۆئەوەی داکۆکی لە مافەکانیان بکات.

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وەستا، هاوکات بەشێک لە بەرپرسەکانی کەرکوک گۆڕانکارییان تێدا کرا، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکە، هاوکات بەهۆی کۆنەبوونەوەی ئەنجومەنەکەشەوە تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگاری نوێ بۆ شارەکە دیاریبکرێت و، زیاتر لە ساڵێکە پارێزگاری شارەکە بە وەکالەت لەلایەن ڕاکان جبورییەوە بەڕێوەدەبرێت.

ع.م