سەردێڕ:

ئێران وەرگرتنی ڤیزای بۆ بازرگانە عێراقییەکان هەڵوەشاندەوە

محەمەد حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ جەواد زەریف هاوتا ئێرانییەکەی
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-14

4423 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ڕایگەیاند، عێراق و ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتن سەبارەت بە جموجوڵی گومرگی لە نێوان هەردوو وڵات و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای بۆ بازرگانە عێراقییەکان ڕاگەیاند.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە (١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، لەمیانی سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق، ڕێککەوتن کراوە بۆ پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەش و بۆ ئاگاداربوون لە بەربەستەکانی بەردەم دەروازە سنورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ شاندی ئێران ڕێککەوتوون لەسەر دیارترین ئەو خاڵانەی کە هاوکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ڕێگرییەکان و توندکردنی چاودێری لەسەر گەشتیاران و ئوتۆمبێلە کەسییەکان و کاراکردنی تیمی "k9" لە سەنتەرەکانی گومرگ و بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئاشکراکردنی مادە هۆشبەرەکان.

هەروەها هەردوو وڵات ڕێککەوتوون لەسەر توندکردنی چاودێری لەسەر ئەو کۆنتێنەرانەی کەلوپەل کە پێویستە مۆرکی گومرگی ئێرانیان پێوەبێت کاتێک دەگەنە سەنتەری گومرگی عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی گومرگی عێراق، لایەنی ئێرانی قسەیکردووە سەبارەت بە جیاوازیی گومرگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و جەختیکردووەتەوە لەوەی دۆسیەی یەکخستنی ڕێوشوێنەکانی گومرگ لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەواوکراوە، لە ڕێگەی ڕێوشوێنە گومرگییەکان بۆ یەکخستنی کاری گومرگی لە زاخۆوە تا بەسرە.

محەمەد جەواد زەریف دوێنێ یەکشەممە  بە سەردانێکی چوار ڕۆژە بە سەرۆکایەتی شاندیکی باڵای ئابوری و سیاسی گەیشتە بەغدا و، بڕیاریشە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.