سەردێڕ:

بەغدا بووەتە ناوەندی تاوتوێکردنی کشاندنەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا

فۆتۆ: 
2019-01-14

984 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەى چەند ڕۆژێکى کەمدا بەغداى پایتەختى عێراق بووە وێستگەى سەردانى وەزیرانى دەرەوەى ئەمریکا و ئێران و فەڕەنسا و پادشاى ئوردن لەیەک کاتدا، ئەمە جگە لە ژمارەیەک شاندى باڵای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە یەکانگیربوونى ئەم سەردانانە هەروا لەخۆڕا و کتوپڕ نین، بەتایبەت کە جەمسەرى جیاجیا لەخۆدەگرن و هاوکاتیشن لەگەڵ دەستپێکردنى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا و لەلایەکی ترەوە هەڵکشانى هەڕەشەکانى واشنتۆن دژبە دەسەڵاتدارانى تاران.

شارەزایانى ڕەوشى ناوچەکە باوەڕیان وایە عێراق خاڵى کۆکەرەوەى وڵاتە پەیوەندیدارەکانى دۆسیەى سوریایە، چونکە جگە لەوەى لە سەرەتاى قەیرانى سوریاوە لە ٢٠١١ تا ئێستا پەیوەندییە سیاسى و دیپلۆماسییەکانى بەغدا و دیمەشق نەوەستاون، بەشى هەرە گەورەى پڕکردنەوەى بۆشایی پاش کشانەوەى لەشکرى ئەمریکاش لە سوریا پەیوەندیدارە بە عێراق، چ لە ڕێى بیابانى ئەنبارەوە بێت یان دۆسیەی قایمکردنى سنورەکانى ئوردن و عەرەبستانى سعودیە بەرامبەر ئەگەرى دزەکردنى چەکدارانى تێکشکاوى داعش بۆ سنورە بیابانییەکانیان.

هێزە ئەمریکییەکان دەکشێنەوە بۆ عێراق، فەڕەنسییەکان لە باکورى سوریا و ناوچەکانى ڕۆژئاوا سەرباز و ڕاوێژکاریان هەیە و پەیوەندیدارن بە دۆسیەکە، عەممان شەراکەتى ئابوورى دەوێت لە عێراق و لە هەمان کاتیشدا خەمى سنورەکەیەتى، ئێرانییەکانیش بە گومان و دڕدۆنگن لە گواستنەوەى ئەمریکییەکان لە سوریاوە بۆ نزیک سنورەکانى ئەوان، هەموو ئەم لایەنانەش بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندیدارن بە سیاسەت و بەرنامەى داهاتووى دەسەڵاتدارانى بەغدا لەم بوارەدا.

جگە لە دۆسیەى سوریا، لە ئیستادا عێراق کەوتووەتە چەقى کێشمەکێشى توندى واشنتۆن و تاران، ئەمریکییەکان دەیانەوێت لە عێراقەوە کار بۆ سنوردارکردنى نفوز و پێگەى ئێران بکەن، سوپاکەشیان لە نزیک سنورەکانى ئێرانەوە بێت بۆ دروستکردنى گوشارى زیاتر لەسەر تاران، ئێرانییەکانیش وەک دەلاقەیەک لە عێراق دەڕوانن کە دەکرێت لە ڕێگەوەیە جگە لە بەرژەوەندیی ئابووریی، کۆنتاکت لەگەڵ دنیاى دەرەوە بکرێت بەوپێیەى عێراق جمەى دێت لە نوێنەر و لەشکرى بیانى و خاوەن سەروەریی تەواوەتییش نییە هەتا تێچوونى نێوانگرییەکەى قورس یان ئاشکرا و کاتکوژ بێت.

بە گەڕانەوە بۆ لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکان دەردەکەوێت، ئەمریکا داواى پابەندییەکى بێ سنورى عێراقى دەکات بە گەمارۆکانى سەر ئێرانەوە، دەسەڵاتدارانى تارانیش لە هەوڵدان بە عێراق بڵێن، گەمارۆکان لە پێش ئەوان کێشە بۆ عێراق دروستدەکات، بەپێى سەرچاوە ئاگادارەکانیش بەشى هەرە گەورەى گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانى میوانەکانى عێراق لەم میانەیەدا دەسوڕێتەوە و تا ئێستاش عێراق جەخت لە وەستانى لەسەر هێڵى ناوەڕاست دەکات و خۆى ساغ نەکردووەتەوە بە هیچ لایەکدا، بەتایبەت پاش ئەوەى ئەمریکا جەختیکردەوە کە هیچ وڵاتێک نابەخشێت لە پابەندنەبوون بە گەمارۆکان، لەکاتێکدا عێراق پێداویستییەکانى وزەى کارەبا و گازى سروشتى خۆى لە ئێرانەوە هاوردە دەکات.

ع.م