سەردێڕ:

هەولێر.. وردەکاریی گیانلەدەستدانی کوڕ و باوکێک بەهۆی سۆپای غازەوە

فۆتۆ: 
2019-01-14

1711 جار خوێندراوەتەوە

خێزانێکى چوار کەسی لە کۆمەڵگاى پیرزینى سەربە پارێزگاى هەولێر، وەک هەر شەوێکى دیکە سەریانخستە سەر سەرین، بەڵام لە بەرەبەیاندا دەرکەوت کە دوانیان لەسەر جێگەى نوستنەکەیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەو دوو کەسە کە لە باوک و کوڕێک پێکهاتوون، لە ژوورێکى دیکەدا و بە جیا لە دوو کەسەکەى دیکە کە لە دایک و کوڕێک پێکهاتوون نوستبوون، ئەو شەوەش کە گیانیان لەدەستدا، سۆپاى غازەکەیان نەکوژاندبووەوە و، وەک کەسوکارەکەى دەڵێن بە غازى سۆپاکە خنکاون.

ئەو دوو کەسەى گیانیان لەدەستداوە پێکهاتوون لە محەمەد ئەمین ڕەسوڵ تەمەن ٦٠ ساڵ و، سەردارى کوڕى کە تەمەنی ٢٦ ساڵە، محەمەد خانەنشینە و کوڕەکەشى كاری كۆكردنەوەی ئاسن و فافۆن بووە.

وەک کەسوکارى ئەو خێزانە باسیدەکەن، بارودۆخى ئەو خێزانە لەڕووى داراییەوە خراپە و کوڕێکیشیان بارودۆخى دەرونیی خراپە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێت، ئەو سۆپا غازانەی لە بازاڕەكان دەفرۆشرێن كوالێتییان خراپە و بە هیچ شێوەیەك نابێت لە دوای نوستن هیچ ئامێرێكی گەرمکەرەوە، بەتایبەت سۆپاى غاز بە هەڵکراوی بهێڵرێتەوە.

بەهۆى ڕاگرتنى دابەشکردنى نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، ماوەى چەند ساڵێکە بەکارهێنانى سۆپاى غاز لە هەرێمى کوردستان ڕووى لە زیادبوون کردووە و، بەشێک لە هاوڵاتییان بە ناچاری بۆ گەرمكردنەوە پشت بە سۆپای غاز دەبەستن.

 

ع.م