سەردێڕ:

ئەردۆغان و تڕەمپ بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد

فۆتۆ: 
2019-01-14

43586 جار خوێندراوەتەوە

دواى ئەوەى ترەمپ هۆشداى دایە تورکیا بە وێرانکردنى ئابورى ئەو وڵاتە، ئەردۆغان و دۆناڵد تڕەمپ جەختیان لەسەر بەرەو پێشبردنى پەیوەندییە ئابوورییەکانیان کردەوە و کۆشکی سپیش دەڵێت لەپەیوەندییەکەدا پرسی هاریکارى نێوانیان تاوتوێکراوە لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا.

 بەگوێرەى هەواڵێکى ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا و دۆناڵد تڕەمپى سەرۆکى ئەمریکا پەیوەندییەکى تەلەفۆنیان کردووە و جەختیان لەسەر بەرەو پێشبردنى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوانیان کردووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ئەردۆغان خۆشحاڵى خۆى بۆ بڕیارەکەى تڕەمپ لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا و ئامادەییشی بۆ هەر جۆرە پاڵپشتییەک بۆ ئەو وڵاتە دەربڕیوە.

هاوکات لە بارەى پێکهێنانى  ناوچەیەکى ئارام لە ڕۆژئاواى کوردستان ئاڵوگۆڕى بیروڕایانکردووە.

هاوکات سارە ساندەرز وتەبێژى کۆشکى سپی ئەمریکا ئاماژەى بەوەکردووە، ترەمپ خواستى خۆى نیشانداوە بۆ کارکردن لەگەڵ تورکیا بەمەبەستى چارەسەرکردنى مەترسییە ئەمنییەکان لە رۆژهەڵات و باکورى سوریا و جەختیکردووەتەوە پێویستە ئەنقەرە مامەڵەى خراپ لەگەڵ کورد و هیچ گروپێکى دیکەدا نەکات کە لەگەڵ ئەمریکا لەدژى داعش جەنگاون.

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەى نێوان تڕەمپ و ئەردۆغان دواى ئەو لێدوانەى سەرۆکى ئەمریکا دێت کە ڕایگەیاندبوو ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردەکانى ڕۆژئاوا، ئەوا ئابورى ئەو وڵاتە وێران دەکەن.