سەردێڕ:

سبەینێ شاندی پارتی و گۆڕان لە سلێمانی کۆدەبنەوە

فۆتۆ: 
2019-01-14

1152 جار خوێندراوەتەوە

میدیای بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویکردەوە، سبەینێ شاندێکی پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان.

بەگوێرەی هەواڵەکەی میدیای بزوتنەوەی گۆڕان سبەینێ سێشەممە (١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) شاندێکی پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانی سەردانى شارى سلێمانى دەکات و لە مەکۆى سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ گۆڕان کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە ئامانجى وەفدى پارتى لە کۆبوونەوەکە بۆ ئەنجامدانى "گفتوگۆى چڕە" لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان بۆ تاوتوێکردنى دوایین پێشهاتەکان و بەرەوپێشبردنى دانوستانەکان و دانانى وادەیەکى دیاریکراو بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێم.

ئەوە لەکاتێکدایە، تا ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان بڕیارى بەشداریکردن یان نەکردنی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەداوە.

هەر لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ لە هەولێر بەڕێوەچووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی پێكهێنانی کابینەی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم و ته‌واوكردنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق و دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان تاوتوێ دەکرێن.

ع.م