سەردێڕ:

ئاشکرابوونی خشتەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بووەتە ئابڕوچوونێکی دیپلۆماتی بۆ عێراق

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی عەبدولمەهدی و لۆدریان لە بەغدا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-14

54716 جار خوێندراوەتەوە

چالاکانی کۆمەڵایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆپییەکی دزەپێکراوی خشتەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسایان بۆ عێراق بڵاوکردەوە و ئەو کارەیان بە ئابڕوچوونێکی دیپلۆماتی ناوبرد.

ئەو چالاکانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەمڕۆ دووشەممە (١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) بڵاویانکردەوە، لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ئەجەندای سەردانەکەی (جان لۆدریان) وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و وردەکاریی جموجوڵەکانی لە عێراق بڵاوکراوەتەوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە فەرمانبەرەکانی فڕۆکەخانە، کۆپییەکی وێنەی پاسپۆرتەکەی فرانسۆ ئۆلاند سەرۆکی پێشووی فەڕەنسای بڵاوکردەوە لەکاتی سەردانەکەی بۆ عێراق، ئەوەشیان بە "دەستی ئەنقەست" ناوبردووە سەبارەت بە کردنە ئامانجی لێپرسراوە فەڕەنسییەکان کاتێک سەردانی عێراق دەکەن.

ئەو چالاکانە ڕوونیانکردووەتەوە، "هەفتەیەک بێ شکست و ئابڕوچوونێکی دیپلۆماتی تێناپەڕێت و دەبێتە هەزار عەیبە بۆ عێراق".

بەشێک لەو چالاکوانانە پرسیویانە، ئایا دەکرێت خشتەی سەردانی لێپرسراوێکی باڵای بیانی بە وردەکارییەوە بە کاتژمێر و خولەک و شوێنی سەردانەکانەوە بۆ میدیاکان ئاشکرابکرێت؟

هەر ئەمڕۆش لە چەند ناوچەیەکی شاری بەغدا لە جیاتی دانانی ئاڵای ئوردن لە پاڵ ئاڵای عێراقدا، بە هەڵە  ئاڵای فەلەستین دانراوە و ئەوەش کاردانەوەی جیاجیای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دوای خۆیدا هێنا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جان لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوە باڵاکانی عێراق کۆبووەوە، بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

ع.م

No photo description available.