سەردێڕ:

ئافرەتە خاوەن پێداویستییەکەی هەولێر ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆزی دەرونیی سلێمانی دەکرێت

دوای راپۆرتێکی ئێن ئاڕ تی
ئافرەتە خاوەن پێداویستییەکەی هەولێر ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆزی دەرونیی سلێمانی دەکرێت
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2019-01-14

2811 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، ڕێناس عەلی

دوای ڕاپۆرتەکەی ئێن ئاڕ تی، ڕێکەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئافرەتە خاوەن پێداویستییەکەی هەولێر ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی لە سلێمانی بکات.

دیاری ئەنوەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئێن ئاڕ تی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ئافرەتێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بڵاوکردەوە، کە لەسەر شەقامەكانی هەولێر ئەمێنێتەوە، بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەدواداچوونیان بۆ ئەو پرسە کردووە بۆئەوەی شوێنێک بۆ ئەو ئافرەتە بدۆزرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ دووشەممە (١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) ڕێکەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی هەرێم بڕیاریداوە کە ئەو ئافرەتە بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی سۆزی دەرونیی سلێمانی.

دیاری ئەنوەر ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئافرەتە پێشتریش لە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونیی سلێمانی بووە، بەڵام بەهۆی کەمی شوێنەوە لە نەخۆشخانەکە نەماوە و رۆیشتووە.

دووپاتیشی کردەوە، وەزیری تەندروستیی هەرێم داوای لە بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی سۆزی دەرونیی سلێمانی کردووە، جارێکیتر شوێنێک بۆ ئەو ئافرەتە خاوەن پێداویستییە تایبەتە بکەنەوە بۆئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت.

شەوی ڕابردوو ئێن ئاڕ تی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ئافرەتێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بڵاوکردەوە کە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بێلانەیە و، ماوەی دوو مانگیشە لەسەر شەقامەكانی هەولێر ئەمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهانایەوە بچن.

ئەو ئافرەتە ناتوانێت قسە بکات و ببیستێت، بە وتەی پۆلیسی هەولێریش چەندجارێك ناردوویانەتەوە ماڵەکەی لە ڕانیە بۆ لای كەسوكارەكەی، بەڵام دووبارە گەڕاوەتەوە هەولێر و شوێنێکی تایبەت نییە بۆئەوەی ئەو ئافرەتە تێیدا داڵدەبدرێت.

ش.ق