سەردێڕ:

سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی عێراق دەکات

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-14

1989 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، سەردانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق یەکلایی بووەتەوە و بڕیارە ١١ی ئازاری داهاتوو سەردانەکە ئەنجامبدرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سەردانە لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجامدەدرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاندووە، لەمیانی سەردانەکەیدا، حەسەن ڕۆحانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکاندا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری ٣٠ کەسایەتی سیاسی و ئابوری و بازرگانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و، بڕیاریشە سبەی سێشەممە (١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

ش.ق