سەردێڕ:

مەلا بەختیار: ڕۆژانە ٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک تاڵاندەکرێت

فۆتۆ: 
2019-01-14

901 جار خوێندراوەتەوە

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نشتیمانی کوردستان ئاشکرایدەکات لە کێڵگە نەوتییەکانی جەمبور لە ناحیەی تازەخورماتووی سەر بە پارێزگای کەرکوک، ڕۆژانە ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت تاڵان دەکرێت.

مەلا بەختیار لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، "دزی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و ته‌زویر" بونه‌ته‌ سێگۆشه‌ی ترسناك له‌عێراقدا، كه‌ ناتوانن هه‌رگیز كوردستان‌ و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانیان لێبەدەر بکەن.

مەلا بەختیار نووسیویەتی "به‌پێی زانیارییه‌ په‌خشكراوه‌كان (كه‌ هه‌تا ئێستا به‌درۆنه‌خراوه‌ته‌وه‌) له‌ چاڵگه‌ نه‌وته‌كانی (جمبور) له‌ ناحیه‌ی تازه‌خورماتوی كه‌ركوكدا، ‌ رۆژانه‌ ئێستاش (٣٠) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، به‌ كاروانی ته‌نكه‌ری به‌رپرسان تاڵان ده‌كرێ‌.

كاروانی ئه‌و نه‌وته‌ دزراوانه‌، شه‌وانه‌ به‌ره‌و سلێمانی رێچكه‌ ده‌به‌ستن‌ و به‌پێی سات‌ و سه‌ودای تایبه‌تی ساغده‌كرێنه‌وه"‌.

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئه‌و ژماره‌ و ئامارانه‌ی رۆژنامه‌ی متمانه‌پێكراوی وه‌كو (ئیكۆنۆمیست) كه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی هه‌میشه‌ راستن، (دزی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و ته‌زویر) بونه‌ته‌ سێگۆشه‌ی ترسناك له‌ عێراقدا. كه‌ ناتوانین هه‌رگیز كوردستان‌ و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانیان لێده‌رهاوین"

 لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکردووە "ئه‌م سێگۆشه‌ ترسناكه‌، ته‌نهاو ته‌نها، به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كرێ‌‌ و له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشدا، به‌و كاربه‌ده‌ست‌ و به‌رپرسانه‌ ئه‌نجامده‌درێ‌ كه‌ پله‌ی باڵای ده‌سه‌ڵاتی حكومی ‌و سیاسی ‌و هێزی چه‌كداری تایبه‌تیان هه‌یه‌. له‌ئاستی عێراق‌ و كوردستاندا، بۆگه‌نی گه‌نده‌ڵی‌ و پاشه‌كشه‌ی دیموكراسی‌ و ده‌ستكاریكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن‌ و راووڕوت، له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا تره‌كیووه‌. هه‌ربۆیه‌ عێراق له‌ (١١٤)مین ریزبه‌ندی سیسته‌مه‌ دیموكراسیه‌كان ‌و چواره‌مین وڵاته‌ له‌ناو (١٠) وڵاتدا، له‌ ته‌زویری هه‌ڵبژاردن‌ و گه‌نده‌ڵیدا".

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی ماوەیەکە خۆی لە حزبەکەی کەنارکردووە و بەشداری کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناکات.

ع.م