سەردێڕ:

سەنتەری نەخۆشیی ئۆتیزم ​لە سلێمانی کرایەوە

فۆتۆ: 
2019-01-14

1543 جار خوێندراوەتەوە

کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم، بەشێک لە ئەرکە قورسەکەی سەر شانی دایک و باوکی ئەو منداڵانە سوکتر دەکات کە نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە، پێشتر ئەو منداڵانەی نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە لە بینایەکی بچوکدا چارەسەریان وەردەگرت، بەڵام ئێستا دەتوانرێت لە سەنتەری نوێی چارسەری ئۆتیزم ڕۆژانە ١٠٠ منداڵ چارەسەر وەربگرن.

بە وتەی وەزیری تەندروستی، ستافی پێویست بۆ سەنتەرەکە دابیندەکەن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەکان بکەن.

ئێستا سەنتەرەکە ستافێکی ١٥ کەسی هەیە کە ڕۆژانە بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر، کاری ڕاهێنان و چاودێری بۆ ٢٠ منداڵی ئۆتیزم دەکەن، بەڕێوەبەری سەنتەرەکەش دەڵێت پێویستیان بە ستافی زیاترە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا ٥٠٠ منداڵ تووشبوون بە نەخۆشی ئۆتیزم، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانیش دەڵێت، پێویستە حکومەت چەند سەنتەرێکی دیکە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە بکاتەوە.

ئۆتیزم یەکێکە لەو نەخۆشیانەی لە مێشکدا دروستدەبێت و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی تێکچوونی توانانی گفتوگۆکردن و دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی منداڵ لەگەڵ کەسانی دیکەدا.

هـ،ڕ