سەردێڕ:

کۆمسیۆنی عێراق داوایکرد کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت

بەغدا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-14

761 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە دەبوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچیت، بەڵام لە ئێستادا لایەنە سیاسییەکان لە ناو پەرلەمانی عێراقدا، سەرقاڵن بەوەی وادەیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریبکەن.

هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو، لە ئێستاشدا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەبێت یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکاتەوە، بۆئەوەی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بکرێت.

کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، پێشنیازی داوەتە پەرلەمانی عێراق، بۆئەوەی لە رۆژی (١٦ی  تشرینی دووەمی ٢٠١٩) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، بەو مەرجەی حکومەت هاوکاری لۆجستی بۆ هەڵبژاردنەکە دابینبکات.

ئەندامێکی هاوپەیمانی بیناش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن.

بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بێت، لە کاتی دواکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، دەسەڵاتی ئەنجوومەنەکان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان هەوڵدەدەن یاساکە هەموار بکەنەوە و دوای کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی، ئەنجومەنی پارێزگاکان سڕبکرێن.

ع.ا