سەردێڕ:

بانکی ناوەندیی عێراق بڕی قەرزی ساڵی رابردووی ئاشکراکرد کە داویەتی بە هاووڵاتیان

بانکی ناوەندی عێراق ئەو بڕە قەرزەی ئاشکراکرد کە داویەتی بە هاووڵاتیان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-14

2659 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا بڕی ٣٣ ملیار دینار وەک قەرز دراوە بە هاووڵاتیان بۆ پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەری ئابوریی عێراق و بنیاتنانی پڕۆژەی نوێ.

بانکی ناوەندیی عێراق دوێنێ یەکشەممە (١٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئابوریی عێراق، بانکی ناوەندی دەستپێشخەری کرد بۆ دابینکردنی بڕی یەک تریلیۆن دینار بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆژە بچوک و مامناوەندییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش بانکی ناوەندی لە رێگەی چەند بانکێکی بەشداربووەوە توانیویەتی لە ساڵی ٢٠١٩دا بڕی ٣٣ ملیار دینار قەرز بداتە ئەو هاووڵاتیانەی کە خواستی بنیاتنانی پڕۆژەی نوێیان هەبووە.

لە بەیاننامەکەدا بانکی ناوەندی روونیکردووەتەوە، سەرجەمی ئەو بڕە پارانەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دراوەتە پڕۆژە بچوک و مامناوەندییەکان، تا کۆتایی ساڵی رابردوو گەیشتووەتە ٧٣ ملیار دینار و بەسەر چەند کەرتێکی جیاوازدا دابەشبووە لەوانە، لە ٥٩% بۆ کەرتی بازرگانی و لە ٢٥%ی بۆ کەرتی خزمەتگوزاری و لە ١٢%ی بۆ بواری پیشەسازی و بواری کشتوکاڵیش لە ٤%..

لە دەستپێشخەرییەکەی بانکی ناوەندیی عێراق ٣٤ بانکی ئەهلی و یەک بانکی حکومی بەشدارییان کردووە و بڕی قەرزەکانیش بۆ پڕۆژەکان لە نێوان ٥ بۆ ٥٠ ملیۆن دیناردا بووە، ئەگەری ئەوەش هەیە بگاتە بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار بەڵام ئەو کاتە پێویستی بە پشتیوانی بانکی ناوەندی دەبێت.

ع.م