سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق بڕی نەوتی هەناردەکراوی ڕۆژانەی هەرێمی ئاشکرا کرد

فۆتۆ: 
2019-01-13

965 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرچى کۆتایی هەفتەى پێشوو گفتوگۆکان لەسەر بودجەى گشتى ٢٠١٩ عێڕاق و لەناویشیدا پشکى هەرێمى کوردستان، لەناو پەڕلەمان کۆتاییهات. بەڵام لەناو لیژنەى دارایی هێشتا درێژەى هەیە لەپێنا و ئامادەکردن و یەکلاییکردنەوەى سەرجەم بابەتە داراییەکان بۆ ڕۆژى دەنگدان.

بەیاننامەیەکى ئەم لیژنەیە باس لەوە دەکات کە رۆژى یەکشەممە تاوتوێى چەند پرسێکى پەیوەست بە بودجەیان کردووە، کە بریتییە لە خەرجییە سیادییەکان، پشکى هەرێمى کوردستان لەناو بودجەى فیدراڵ، پابەندییە داراییەکانى سەر هەرێم، بڕە نەوتى هەناردەکراو لەهەرێم و موچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەرانى کوردستان.

ئەم گفتوگۆیانەى کە بەپێکهێنانى لیژنەیەکى فەرعیی کۆتاییهاتوە بۆ گفتوگۆى زیاتر لەبارەى خەرجییە سیادییەکانەوە، درێژکراوەى زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەیە کە سەرەتاى ئەم هەفتەیە بانگهێشتکردنى وەزیرى نەوتى عێراقى تێکەوت و لەوێدا وەزیر ئاشکرایکردووە، هەرێمى کوردستان لەئێستادا رۆژانە نزیکی ٤۲٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت. ئەم لێدوانەى وەزیر، دەرگاى کردوەتەوە بۆ ئەندامانى لیژنەکە داوا بکەن لەبرى ٢٥٠ هەزار بەرمیلى رۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بکرێتە پابەندیی لەسەر هەرێم وەک پێشمەرجییەک لەسەر وەرگرتنى پشکى بڕیادراو لەناو بودجەى گشتیی فیدراڵ.

بەپێى مادەى (١٠) لەبودجەى گشتى عێراق، هەرێمى کوردستان پابەند کراوە بەهەناردەکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە لەرێگاى کۆمپانیاى نیشتمانى سۆمۆى عێراقەوە، بەجۆرێک داهاتەکەى تەنها رادەستى خەزێنەى بەغدا بکرێت. هەر بەپێى ئەم مادەیە برێک پارە کە دەوترێت ٦٧ ملیار دینارە، بۆ هێزەکانى پێشمەرگە تەرخان دەکرێت بەو پێیەى بەشێکن لە سیستمى بەرگریی عێراق.

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا لە بڕگەى (جیم) ى ئەم مادەیەدا هاتووە، ئەگەر هەرێم نەوتەکەى ڕادەستى بەغدا نەکرد، ئەوا جگە لەموچەى فەرمانبەران و بەشە بودجەیەک بۆ پێشمەرگە، ئەوە وەزارەتى دارایی ناوەند هیچ خەرجییەکی دیکە بۆ هەرێمى کوردستان دابین ناکات، ئەمەش زۆرێک لەبەرپرسان و شارەزایانى ئابوورى خستە سەر ئەو بڕوایەى کە بڵێن: لەحاڵەتى بەردەوامى فرۆشتنى نەوتى هەرێم بەسەربەخۆو دوور لەناوەند، ئەوە بەغدا  مانگانە لەلاى خۆیەوە بڕى ٤٥٤ ملیار دینار بۆ فەرمانبەران و ٦٧ ملیار بۆ پێشمەرگە، لە هەرێم ڕەوانە دەکات.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕتى لە ئێستادا زۆرێک لەئەندامانى لیژنەى دارایی ڕەخنەو گازندەیان لەم بڕگەیە هەیە، بەو پێیەى رێگە بۆ حکومەتى هەرێم خۆش دەکات هاوکاریی بەغدا نەکات. بەرانبەر ئەم ناڕەزایەتییە پەڕلەمانیانەش ئەندامە کوردەکانى لیژنەى دارایی سوور بوون لەسەر دورخستنەوەى موچەى فەرمانبەران لەکێشە دوو قۆڵییەکانى هەولێر و بەغداو سەرەنجامى ئەم گفتوگۆیانەش لە رۆژى دەنگدان لەسەر بودجە دەکەوێت بەلایەکدا. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا فراکسیۆنى نەوەى نوێ رایگەیاندووە بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو ناکۆکییە پەنا بۆ دادگاى فیدراڵى دەبات بۆ ئەوەى چیتر مووچە نەبێتە بارمتەى ناکۆکییە سیاسییەکان.

ع.م