سەردێڕ:

محەمەد ڕاشد چەند نهێنییەکی دیدارەکانی لەگەڵ سەدام حسین و چەند سەرکردەیەکی عەرەب ئاشکرا دەکات

چەند نهێنییەکی دیدارەکانی لە کتێبێکدا ئاشکرا دەکات
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-01-13

34573 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد ڕاشد سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، چەند نهێنییەکی دیدارەکانی لەگەڵ سەدام حسین سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عێراق و بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا و موعەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیای ئاشکرای کرد.

محەمەد راشد لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناوی "چێرۆکەکەم.. ٥٠ چیرۆک لە ٥٠ ساڵدا"، کە بڕیارە سبەینێ دووشەممە (١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩) بڵاوبێتەوە، تیایدا ئاماژەی کردووە بە پەیوەندییە نهێنییەکانی لەگەڵ سەدام حسینی سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عێراق بەر لە دەستپێکردنی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣.

جەختیکردووەتەوە لە یەکێک لە پەیوەندییەکاندا پێشنیازی بۆ کردووە دەستبەرداری دەسەڵات ببێت و لە دوبەی ژیان بەسەر بەرێت، بەڵام سەدام پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە و پێی وتووە دەیەوێت "عێراق ڕزگار بکات".

لە یەکێک لە بەشەکانی کتێبەکەدا باسی دیدارێکی خۆی و بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کردووە، کاتێک سەردانی دوبەی کردووە لە ساڵی ١٩٩٩ و هێشتا پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی وەرنەگرتووە.

محەمەد ڕاشد ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا هیوای بە گەلی سوریایە کە بتوانێت شارستانییەتێکی نوێ بنیات بنێتەوە، کە پێشتر توانیویەتی ٤٠ شارستانی بنیات بنێت.

یەکێکی دیکە لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی باس دەکات کاتێک لەسەر داوای قەزافی سەردانی لیبیای کردووە، ئاماژە بەوە دەکات قەزافی پێی ڕاگەیاندووە، دەیەوێت شارێکی وەک دوبەی لە لیبیا بنیات بنێت، محەمەد ڕاشید ڕایگەیاندووە، قەزافی نەیویستووە گۆڕانکاریی بکات لە لیبیادا، بەڵکو هیوای بە گۆڕانکاریی خواستووە، گۆڕانکاریی پێویستی بە وتاردان نییە، بەڵکو پێویستی بە دەستکەوت هەیە، گۆڕانیش پێویستی  بە ژینگەیەکی ڕاستەقینە هەیە، تەنها گەل دەتوانێت گۆڕانکاریی بکات بەرەو باشتر، گەلی لیبیا کەسانی زانا و بلیمەت و بەتوانا و پزیشک و توێژەرە و ئەندازیاری لێهاتوویان تێدایە، ئەوان تەنها پێویستیان بە ژینگەیەکی گونجاوە بۆ دەرخستنی تواناکانیان و دروستکردنی گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ.

ع.م