سەردێڕ:

داوا لە پنتاگۆن کراوە تاوتوێی بژاردەی هێرشی سەربازیی بۆسەر ئێران بکات

داوا لە پنتاگۆن کراوە تاوتوێی بژاردەی هێرشی سەربازیی بۆسەر ئێران بکات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-13

7213 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی ئەمریکا داوای لە وەزارەتی بەرگریی (پنتاگۆن) وڵاتەکەی کردووە، تاوتوێی بژاردەی هێرشی سەربازیی بۆسەر ئێران بکات.

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی مانگی ئەیلولی ٢٠١٨ سێ گوللە هاوەن لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کران، جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا داوای لە پنتاگۆن کردووە تاوتوێی بژاردەی هێرشی سەربازیی بۆسەر ئێران بکات.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای پێشووی کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، ئەو رووداوە خەڵکی ئەمریکای تووشی شۆک کردووە و بووەتەهۆی ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکا بیر لە بژاردەی سەربازیی دژ بە ئێران بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا روون نییە کە ئایا دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاگاداری ئەو داواکارییەی جۆن بۆڵتن بووە، یاخود پلانێکی کۆنکرێتی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران داڕێژراوە، بەڵام بۆ ئەو ئامانجە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رازی بووە پەرە بە کۆمەڵێک بژاردە بدات.

سەرەتای ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ سێ گوللە هاوەن ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کران، بەڵام ئامانجەکەیان نەپێکا و لە دووری چەند مەترێکەوە تەقینەوە، بەوهۆیەشەوە هیچ کەس بریندار نەبوو.

ش.ق