سەردێڕ:

روانگەی عێراقی: سەدان خێزان چاوەڕوانی رۆڵە بێسەروشوێنەکانیانن

خێزانە عێراقییەکان چاوەڕوانی رۆڵەکانیانن
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-13

921 جار خوێندراوەتەوە

ڕوانگەى عێراقی بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، سەدان خێزان چاوەڕوانى دیاریکردنى چارەنووسى رۆڵە بێسەروشوێنەکانیان دەکەن کە لە پڕۆسەى کۆنترۆڵکردنەوەى شارەکاندا لەدەست داعش لەلایەن گروپە چەکدارەکانى سەر بە حکومەتى عێراقەوە دەستبەسەرکراون.

روانگەى عێراقی بۆ مافەکانى مرۆڤ یەکشەممە (١٣ی کانونى دووەمی ٢٠١٩) راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا لە زارى ئەحمەد کەریم سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدینەوە ئاشکراى دەکات، ٢٨٠٠ کەسى شارۆچکەکانى ئەم پارێزگایە تا ئێستا لە گرتوخانەکانى گروپە چەکدارەکانى سەر بە حکومەتى عێراقدان کە ئاماژەیە بۆ (حەشدی شەعبی) و هەندێک لەوانەش ماوەى چوار ساڵ بەسەر دەستگیرکردنیاندا تێپەڕیوە بەبێ ئەوەى ئاشکرا ببێت لەلایەن کێوە گیراون.

ئاشکراشی کردووە،  سەربارى هەوڵە چڕەکانى حکومەتى لۆکاڵى بۆ ئاشکراکردنى چارەنووسیان لە رێگەى تیمى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراقەوە تا ئێستا لەو بارەیەوە بە زانیاری تەواو نەگەیشتوون.

بەپێى زانیارییەکانى ئەم روانگەیە، شارۆچکەى سامەڕا پێشەنگى ناوچەکانى پارێزگاى سەڵاحەدینە لە ژمارەى بێسەروشوێنان و تا ئێستاش حکومەتى عێراق هیچى نەکردوە بۆ ئاشکراکردنى چارەنووسیان، ئەمەش مەترسی جدیی لەسەر ژیانى ئەو دەستگیرکراوانە دروست دەکات.

روانگەکە ئەوەشى وتوە "هەندێک لایەنى عێراقى دۆسیەى دەستبەسەرەکان وەک کارتێکى گوشار بەکاردەهێنن بۆ هەراسانکردنى رکابەرەکانیان، بەڵام لەکۆتاییدا ئەوانەى بێسەروشوێنن یان دەستبەسەرن کەس نازانێت لەکوێن و لەلایەن کێوە دەستگیرکراون.

ع.ا