سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لە گەشتێکی ئاسمانیی نێوان تورکیا و هەرێم شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو

لە گەشتێکی ئاسمانیی نێوان تورکیا و هەرێم شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-13

161005 جار خوێندراوەتەوە

لە گەشتێکی ئاسمانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان کارمەندان و سەرنشینانی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای ئەتڵەس گڵۆباڵ دروستبوو.

یەکێک لە سەرنشینانی فڕۆکەکە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گەشتەکەیان کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە (١٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ١٠ خولەک لە بەرزبوونەوەی فڕۆکەکە شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان دوو کەسی بە ڕەگەز تورک و کارمەندانی فڕۆکەکە دروستبووە و بەوهۆیەشەوە ئاڵۆزییەکەی گەورە لە ناو فڕۆکەکەدا هاتووەتە ئاراوە، بەشێوەیەک کە مەترسی بۆسەر گیانی سەرنشینانی فڕۆکەکە دروستکردووە.

راشیگەیاند، لەو ماوەیەدا هاوڵاتییەکەی کورد چووەتە ژووری کۆنتڕۆڵی فڕۆکەکە و هەوڵیداوە بارودۆخەکە هێور بکاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەوتەی شایەتحاڵان و سەرنشینانی فڕۆکەکە  ئەو دوو کەسە ماددە کحولییەکان و مادەی هۆشبەریان خواردووە و سەرخۆش بوون.

ئەو هاوڵاتییە راشیگەیاند، ئەگەرچی دەبوو لە ماوەی کاتژمێر و ٤٠ خولەکدا بگەنە فڕۆکەخانەی هەولێر، بەڵام گەشتەکەیان بۆ ماوەی ٢٠ خولەک درێژەی خایاندووە و کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ گەیشتوون، دوای گەیشتنیشیان ئەو دوو کەسە لەلایەن ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەستبەسەر کراون.

ش.ق