سەردێڕ:

هۆشیار عەبدوڵڵا: بەوتەی وەزیری نەوتی عێراق هەرێم رۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات

هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-13

7741 جار خوێندراوەتەوە

هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.

هۆشیار عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی شەممە (١٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٩)، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراقی کردووە و ناوبراو رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی ٤۲٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا و لەکاتی تاوتوێکردنی مادەی ١٠ لە پڕۆژە یاساى بودجەى ٢٠١٩ کە تایبەتە بە هەرێم، بەشێک لە پەرلەمانتاران داوایانکردووە، ئەو ژمارەیەی کە وەزیری نەوت ئاشکرایکردووە، بکرێتە ماڵ لەسەر هەرێم نەک ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، وەک ئەوەی کە لە بودجەدا هاتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پەرلەمانتارانە رەخنەی زۆریان لە بڕگەی (ج) گرتووە و رایانگەیاندووە، کاتێک هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکانی نابێت بۆچی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە بدرێت، "پێیان وابوو ئەو برگەیە وادەکات هەرێم پابەند نەبێت".

هۆشیار عەبدوڵڵا راشیگەیاند، " ئێمە بە روونی پێمانوتن، هەر برگەیەک زیاد دەکەن بۆ ئەوەی هەریم پابەند بکات ئاساییە، بەڵام مەعقول نیە و قبوڵیشی ناکەین حکومەتی فیدراڵی تاکە کارتی فشاری بریتی بێت لە موچەی فەرمانبەران ، دەبێت موچەی فەرمانبەران دوور بێت لەو کێشەیە، ئیدی حکومەتی فیدراڵی چۆن هەرێم پابەند دەکات ئاساییە" .

دووپاتیشیکردەوە ، "لەو رووەوە تێگەیشتن هەیە بەوەی کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دور بگیرێ بەڵام لەرێگەی بەند و مادەی ترەوە هەرێم ناچار و پابەند بکرێت نەوت بداتە سۆمۆ".

پێشتر سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەگەر حکومەتى عێراق بەشەبودجەى هەرێم نەنێرێت ئەوا هۆکارەکەى بۆ ڕادەست نەکردنى نەوت دەگەڕێتەوە لە لایەن هەرێمەوە و هەوڵیش دەدەن ئەو دۆسیەیە ببرێتە دادگاى فیدڕاڵى عێراق.

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى عێراق ئامادەیە یەکێک لە بڕگەکانى یاسای بودجە جێبەجێبکات کە تایبەتە بەوەى ئەگەر نەوتى هەرێمیش نەنێردرێت بۆ بەغدا، موچەى فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بنێردرێت.

ش.ق