سەردێڕ:

شارەوانی هەولێر عەرەبانەکانی شەقامی باداوای لابرد

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-13

6370 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شارەوانی هەولێر ژمارەیەک عەرەبانەی لەسەر دووسایدی باداوای لابرد و ئەو هاوڵاتییانەی لەوێ کاردەکەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی گردبوونەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە عەرەبانچییەکانی شەقامی باداوا لە گەڕەکی باداوا گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ شارەوانی هەولێر بە شۆفڵ و بەبێ ئاگاداری ئەوان، بەشێک لەو کەپر و عەرەبانانەی کە لەسەر دووسایدی شەقامی باداوان لابردووە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، شارەوانی هەولێر جیاوازی دەکات لەسەر لابردنی ئەو کەسانەی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکاندا کار دەکەن و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، چونکە بەشێکی دیکەی عەرەبانەکان سەرەڕایی زیادەڕەوی لەسەر شەقامەکانن شارەوانی لایان نابات.

داواشیان کرد، یاسا بۆ هەموو لایەک سەروەر بێت وشوێن بە ئەوانیش بدرێت، شارەوانی شوێنێکیان بۆ دابین ناکات کە کاری تێدا بکەن.

باسیان لەوەشکرد، بەشێک لە عەرەبانەکان تا ئێستا لەسەر شەقامەکە ماون چونکە لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە پاڵپشتیی دەکرێت و پارەیان داوە، بەڵام ئەوانە لەبەر ئەوەی هیچ بڕەپارەیەک و پاڵپشتییان نەبووە عەرەبانەکانیان لابراوە.

هاوکات مانگێک پێش ئێستاش شارەوانی هەولێر سەرجەم عەرەبانە و شوێنەکانی شەقامی ئیسکانی لابرد کە زیاتر لە ١٠٠ عەرەبانە دەبوو.

ئـ. فـ