سەردێڕ:

تارا حسێن: نزیکەی ٣٠ ئەندامی تەڤگەری ئازادی لە زینداندا مانیان لە خواردن گرتووە

فۆتۆ: 
2019-01-13

1701 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی تەڤگەری ئازادی  ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٠ ئەندامیان لە زینداندا مانیان لە خواردن گرتووە.

تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، سەرجەم ئەندامە ژنەکانیان ئازاد کراون و ئەوانەی لە ئێستادا لە زیندانن تەنها پیاوەکانن کە نزیکەی ٣٠ ئەندامن و مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە.

تارا حسێن وتیشی، بڕیاری مانگرتنی ئەندامەکانیان لە خواردن بەرامبەر ئەو ڕێگرییە بووە کە لێیان کرا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەرامبەر نمایش کردنی فیلمێک لەسەر ژیانی ساکینە جانسز لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، نزیکەی ٦٥ ئەندامی تەڤگەری ئازادی، کاتێک دەیانویست یادی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، بکەنەوە، دەستگیرکران؛ کە نزیکەی ٣٣ کەسیان ئافرەت بوون و سێ منداڵیش لەناو دەستگیرکراوەکاندا بوو.

دوای ئازادکردنی تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی وتی، هێزەکانی ئاسایش، بە شێوازی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون و دەشڵێت، بەهۆى دەستگیرکردنیانەوە لاپەڕەیەکى پڕ لە شەرمەزارى و پەڵەى ڕەش بە ناوچەوانی یەکێتی و هێزەکانی ئاسایشەوە تۆمارکراوە.

هاوکات محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەی ئازادی دەڵێت، ئەوەی دەکرێت هەر دژبە تەڤگەرى ئازادى نییە، بەڵکو ڕووبەڕووى هەموو هێزێکى ئازادیخواز و ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە.

هـ،ڕ