سەردێڕ:

سلێمانى.. ڕۆژانە نزیکەی ٢٥ نەشتەرگەری ڕواندنەوەی قژ دەکرێت

ڕۆژانە نزیکەی ٢٥ نەشتەرگەری ڕواندنەوەی قژ لە سلێمانى دەکرێت
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-12

34396 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی چەند ساڵێکە پیاوانی کەچەڵ یان ئەوانەی کێشەی قژوەرین و کەمی و تەنکیی قژیان هەیە، ئاهێکیان بەبەردا هاتووەتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو پیاوانەی بە گرفتی دەزانن، زۆرێکیان خەیاڵیان لای چارەسەری حاڵەتەکە و ڕوواندنەوەی قژیانە، لەگەڵ ئەوەی هەندێکیش بە گرفتی نازانن و تەنانەت بە تەنزیشەوە بە کەسانی خاوەن شانس و خۆشەویست ناویاندەهێنرێت.

بەشێک لە هاوڵاتییان لەوبارەیەوە دەڵێن، مرۆڤ ئەگەر قژەکانى لێبکرێتەوە ناشرین دەبێت و پێستى دەردەکەوێت، هەربۆیە قژ پڕبێت جوانترە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، ئێران و تورکیا ئەو دوو وڵاتە بوون، کە لە هەرێمی کوردستانەوە زۆرترین کەس بۆ ڕوواندنەوەی قژ ڕوویان لێ دەکرد، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە.

ڕووتانەوەی قژی هاوڵاتییان بە هەر هۆکارێک بێت، لای بەشێکی زۆری سەرتاشەکانیش چیرۆکی سەیر و سەمەرەی دروستکردووە، هەندێک لەو سەرتاشانە باس لەوە دەکەن، کە ئەو کەسانەی قژیان کەمە و ڕووتاوەتەوە، داواکارییان زیاترە وەک لەوانەی قژیان پڕ و درێژە.

سەرتاشێک گێڕایەوە، کەسێک قژى دابوو بەسەر بەشە ڕووتاوەکەیدا، ئەویش نەیزانیبوو، کە چاکیکرد مەکینەکەى بەرکەوت، دواتر ئەو کەسە تەماشای ئاوێنەکەى کرد و وتی کوا قژەکەم؟ قژەکەى دیارنەما و ڕووتاوییەکەى دەرکەوت، لە بەرامبەریشدا کەسەکە توڕەبووە.

بەشێک لەو پزیشکانەی لە سەنتەرەکانی ڕوواندنەوەی قژدا لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن پزیشکی ئێرانی و تورکین، نەشتەرگەریی ڕوواندنەوەی قژ کاتێکی زۆری پێدەچێت و ئەنجامدانی بۆ هەندێک کەس نزیکەی ٨ کاتژمێری پێدەچێت، کە ئەمەش وزە و ئارامگرتنی زۆری پێویستە و لای پزیشکەکانیش وردەکاریی زۆری دەوێت.

سوات ئێردەم پزیشکی ڕواندنەوەی قژ دەڵێت، ئەوان لەژێر چاودێریی وەزارەتى تەندروستیدا کاردەکەن، کەسەکە قژى پشتەسەرى دەردەهێنن و لەو جێگایەوە بۆی دەڕوێنین کە ڕواوەتەوە و هەڵوەریوە.

لە ئێستادا بە تەنها لە شاری سلێمانیدا زیاتر لە ١٠ سەنتەری جوانکاری هەن، کە لە زۆربەیاندا کاری ڕواندنەوەی قژی تێدا دەکرێت، سەنتەرەکان لەژێر چاودێریی وەزارەتی تەندروستیدا کاردەکەن، بە تەنها لە شاری سلێمانییش ڕۆژانە نزیکەی ٢٥ کەس نەشتەرگەریی ڕواندنەوەی قژیان بۆ دەکرێت.

ئ.ر