سەردێڕ:

زۆرینەی خانووەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە تاپۆ نەکراون

زۆرینەی خانووەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە تاپۆ نەکراون
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى
2019-01-12

1117 جار خوێندراوەتەوە

زۆریی كێشه‌ى تاپۆ و به‌ناونه‌كردنى خانوو و زه‌ویه‌كانى هاوڵاتییان له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، یه‌كێكبوو له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانى به‌رده‌م شاره‌وانییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تاپۆى ئه‌و پارێزگایه‌، بەڵام دواجار به‌ نوسراوێكى حكومه‌تى هه‌رێم بڕیارى تاپۆكردن و به‌ناوكردنى سه‌رجه‌م ئه‌و خانوو و زه‌وییانه‌ى ده‌ركرد كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنورى نه‌خشه‌ى شاره‌وانییه‌كان.

بەپێی بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌ت، لیژنه‌یه‌كى ٧ كه‌سى دروستكراوه‌ و پارێزگارى به ‌وه‌كاله‌تى شاره‌كه‌ش سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌یه ‌و ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانیان هه‌یه‌ بۆ تاپۆكردنى خانوو و زه‌وییه‌كان، به ‌جۆرێك سه‌رجه‌مى ئه‌و پارانه‌شى كه‌ له‌ هاوڵاتییان وه‌رده‌گیرێن بۆ تاپۆكردن و به‌ناوكردنى خانوو و زه‌وییه‌كانیان، بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى شاره‌كه‌ ده‌بێت، هەروەها به ‌پارچه‌ زه‌وییه‌كى ٢٠٠ مه‌ترییش قه‌ره‌بووى ئه‌و خاوه‌ن خانووانه ‌ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌ زیاده‌ڕۆ هه‌ژمارده‌كرێن.

بەڵام بەپێی خاڵێکی بڕیارەکە، بڕى ٥%ى ئەو پارەیەی كه‌ له ‌هاوڵاتییان وه‌رده‌گیرێت دەدرێت بە سه‌رۆك و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، ئەوەش بووەتە جێگەی نیگەرانی هاوڵاتییان و دەڵێن، ئەو کارە هۆکارێکە بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی.

كوێستان ئه‌كره‌م سه‌رۆكى شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتییانەى گە دەکەونە سنورەکە دەتوانن سەردانیان بکەن بۆئەوەى مامەڵەى تاپۆکردنى خانووەکانیان بکەن و، ئەوانەش کە وارسی شەهیدانى کیمیابارانن بێ بەرامبەر تاپۆیان بۆ دەکرێت.

لە ئێستادا لە سنورى شارەوانیی هەڵەبجە لە کۆى ٣٠ گەڕەکى شارەکە تەنها ٧ گەڕەک نەخشەى بنەڕەتییان هەیە و، لە ناحیەى خورماڵ و بەمۆش تا ئێستا هیچ خانوویەک تاپۆ نەکراوە، لە هەریەکە لە ناحییەکانى سیروان و بیارەش بڕیارەکە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

هه‌ر بەپێی بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، بۆ ئه‌و خانوو و زه‌ویه‌ نیشته‌جێبوونانه‌ى كه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌یان تا ٢٥٠ مەتر دووجایه‌، بۆ یه‌ك مه‌تر دووجاى له ‌نێوان سێ هه‌زار دینار بۆ حەوت هه‌زار و ٥٠٠ دیناریان لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌و خانوو و زه‌ویانه‌شى ڕووبه‌ره‌كه‌یان له‌وه‌ زیاتره‌ بڕى پاره‌ى وه‌رگیراو بۆ یه‌ك مه‌تر دووجا له‌ پێنج هه‌زار دینار به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌و خانووانه‌شى كه‌ هاوڵاتییان ده‌یانه‌وێ تاپۆى بكه‌ن نابێت له‌ ٨٠٠ مه‌تر زیاتر بێت.

ئ.ر