سەردێڕ:

تا ئێستا ئاسایشی سلێمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر دەستگیرکردنی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی بڵاونەکردووەتەوە

سلێمانى.. بەشێک لە ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی لەلایەن ئاسایشەوە ئازادکران
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-12

1122 جار خوێندراوەتەوە

فەرهاد تەمەنی سێ ساڵە و شەوی ڕابردوو لە زینداندا بووە و دەڵێت، کاتێک برسیی بووە، لەفەیەکی فەلافلی خواردووە، ئەوە لەکاتێکدایە دایکی فەرهاد و ئەندامانی دیکەی تەڤگەری ئازادی کە لە زینداندا بوون، مانیان لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، نزیکەی ٦٥ ئەندامی تەڤگەری ئازادی، کاتێک دەیانویست یادی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، بکەنەوە، دەستگیرکران؛ کە نزیکەی ٣٣ کەسیان ئافرەت بوون و سێ منداڵیش لەناو دەستگیرکراوەکاندا بوو.

دوای ئازادکردنی تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی وتی، هێزەکانی ئاسایش، بە شێوازی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون و دەشڵێت، بەهۆى دەستگیرکردنیانەوە لاپەڕەیەکى پڕ لە شەرمەزارى و پەڵەى ڕەش بە ناوچەوانی یەکێتی و هێزەکانی ئاسایشەوە تۆمارکراوە.

هاوکات محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەی ئازادی دەڵێت، ئەوەی دەکرێت هەر دژبە تەڤگەرى ئازادى نییە، بەڵکو ڕووبەڕووى هەموو هێزێکى ئازادیخواز و ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە.

تا ئێستا هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی بڵاونەکردووەتەوە، زیاتر لە ٤٥ ڕۆژیشە، بە بڕیاری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی یاساییەوە داخراون، هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان کرد لەوەی فلمێک لە سینەما سالم نمایشبکرێت و بۆ ماوەیەک سینەماکەیان داخست.

ع.م