سەردێڕ:

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی: لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانمان دەستپێدەکەنەوە

کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بوونە هۆی چەقبەستنی کۆبوونەوەکان
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-12

1741 جار خوێندراوەتەوە

گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی حکومەت، بڕیاربوو ڕۆژانی سەرەتای ئەمساڵدا دەستپێبکات، بەڵام کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بووە هۆی چەقبەستنی کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەت، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە، فرسەت سۆفی ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتیش دەڵێت، هەنگاوی جدی دەنێن بۆ پێکهێنانی حکومەت و لێکتێگەیشتنی باش هەیە، لەنێوان لایەنەکاندا و گەشبینن بەوەی حکومەت بەمزوانە پێکبهێنرێت و لەم هەفتەیەدا هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەت دەستپێدەکەنەوە.

هەرچەندە تائێستا لایەنەکان ڕێکنەکەوتوون لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، بەڵام پارتی داوای لە لایەنەکان کردووە، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستەکان دیاری بکەن، بەڵام تائێستا لایەنەکان ناوی کاندیدەکانیان یەکلایی نەکردووەتەوە.

گۆڕان جگە لەوەی داوای ١٢% ی پۆستەکان دەکات، هاوکات داواشیکردووە، لە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتدا نوێنەریان هەبێت.

كاردۆ محەمەدهەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، ئەوان لە گفتوگۆدان لەسەر کارنامەی حکومەت و ئەو پۆستانەی وەریدەگرن.

کۆمەڵ لەگەڵ ئەوەی مەیلی بەشداری حکومەتی هەیە، بەڵام تائێستا لە دوو گەڕی کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەتدا بەشدارنەبووە.

  شوان ڕابەر بڕیاردەری ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ دەڵێت، تائێستا پارتی هیچ پێشنیارێكی بۆ نەکردوون تا لەسەر پێکهێنانی حکومەت لەگەڵیاندا کۆببنەوە و ئەوان داواى ڕوونکردنەوەى بەرنامەى حکومەت لە پارتى دەکەن تاوەکو خۆیان یەکلایی بکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، پارتی دەیەوێت پێش کۆتایی ئەم مانگە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دووجار کاتی کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت دیاریکرا، بەڵام دواتر کۆبوونەوەکان دواخران، هاوکات یەکێتی داوایکردووە، پۆستەکانی هەرێم و بەغدا و کەرکوک بکرێن بە یەک پاکێج، بەڵام پارتی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە و لە ڕێگەی میدیاکانەوە، وەڵامی داواکارییەکانی یەکتر دەدەنەوە.

ئ.ر