سەردێڕ:

ئیڤانکا ترەمپ یەکێک لە کاندیدانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتییە

ئیڤانکا ترەمپ کچ و ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-12

2059 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاویکردەوە، هەریەکە لە نیکی هەیلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیڤانکا ترەمپ ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ ناویان لەناو کاندیدەکاندایە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو جیم یۆنگ کیم سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی کتوپڕ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند، کە سێ ساڵی مابوو خولی دووەمی لەو پۆستەدا کۆتایی بێت.

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، جگە لەو دوو کەسایەتییە، ناوی هەریەکە لە دەیڤید مالباس یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و، مارک گرین سەرۆکی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا هەن بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

ئێڤانکا ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧ هێزی کاریگەر بووە لەپشت دروستکردنی سندوقی بانکی نێودەوڵەتییەوە بە بەهای یەک ملیار دۆلار بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆژەکانی ژنان، کە لەلایەن وڵاتی سعودییەوە پشتیوانی دەکرێت.

دەربارەی کاندیدکردنی هەریەکە لە نیکی هەیلی و ئیڤانکا ترەمپ، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هیچ لێدوانێک نادات لەسەر ئەو دوو کاندیدە پێشنیارکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەستیانکردووە بە پێداچوونەوەی ناوخۆیی سەبارەت بە کاندیدکردنی کەسایەتییەکی ئەمریکی، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ دادوەرەکاندا لە گفتوگۆدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ بانکی نێودەوڵەتی.

بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی نەنوسراو، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەوپێیەی گەورەترین کۆمەککاری ڕێکخراوی بانکی نێودەوڵەتییە هەمیشە ئەو سەرۆک بۆ بانکەکە هەڵدەبژێرێت.

سەرباری هەموو ئەوانەش هێشتا هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی ئەمریکی بۆ ئەو پۆستە جێگەی دڵنیایی نییە.

جیم یۆنگ کیم تاکە کاندیدی ئەمریکا بوو لە ململانێی خۆ کاندیدکردن بۆ وەرگرتنی پۆستی بانکی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٢.

سەرۆکی ئەنجومەنی بانکەکەش ڕایگەیاندووە، پرۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی شەفافانە و بڕوابەخۆبوونەوە ئەنجامدەدرێت، وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی ئەو کاندیدانەش دوورناخرێنەوە کە ئەمریکی نین.

بانکی نێودەوڵەتی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی شوباتی داهاتووەوە ناوی کاندیدەکان وەردەگرێت، بۆئەوەی لە مانگی ئازاری داهاتوودا جێگرەوەیەک بۆ کیم دابنرێت.

ع.م