سەردێڕ:

بەتۆمەتی بڕینی ئینتەرنێتی وڵاتێک سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ هاککەرێک دەرکرا

هاککردن بۆ پارە یەکێک لە بڵاوترین ئامانجەکانی ئەم کارە
فۆتۆ: 
2019-01-12

2588 جار خوێندراوەتەوە

دادگای بەریتانیا سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ هاککەرێک دەرکرد کە ئینتەرنێتی تەواوی وڵاتی لیبریای هاککردبوو.

هاککەرەکە ناوی دانێل کایە و تەمەنی ٣٠ ساڵە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دوای چەند هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کۆمپانیای پەیوەندییەکانی لیبریا (لونستار) توانیوویەتی تەواوی ئینتەرنێتی وڵاتەکە ببڕێت.

ئاژانسی بەریتانی بۆ بنبڕکردنی تاوان ڕایگەیاندووە، کە دانێل کای لەسەر ڕاسپاردەی گەورە فەرمانبەرێکی کۆمپانیای (سێڵکەم)ی ڕکابەری (لونستار) هێرشەکەی کردووە، بەڵام تا ئێستا بەڵگەی ئەوە لەبەردەستدا نییە کە (سێڵکەم) ئاگاداری ئەم هێرشە بووبێت.

مایک هولیت سەرۆکی یەکەی بنبڕکردنی تاوانە ئەلکترۆنییەکان لە بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ئەم کەسە وەک "هاککەری بازرگانی" کاریکردووە و، هێرشەکانیشی زیانێکی زۆری لە چەند کۆمپانیایەک داوە لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا و، زیانەکانیش ملیۆنان دۆلارن.

کای تۆمەتباریشە بە ئەنجامدانی چەند هێرشێکی ئەلکترۆنی بۆ سەر کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا، کە کاری کردە سەر پەیوەندییەکانی نزیکەی ملیۆنێک کەس لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦دا.

ع.ا